٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڵەبانی بۆ KDP: پێویستە کورد سوود لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرێت لەگەڵ عێراق

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ماددەی ١٤٠ ڕایدەگەیەنێت، تەنیا ھەشت بڕیاری سەردەمی بەعس ھەڵوەشاونەتەوە. ھاوکات پێشی وایە، پێویستە کورد سوود لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرێت.

ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ماددەی ١٤٠، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٥ لەو ئاستەی دەوڵەتدا نین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و پابەندبوون بە دەستوور، چونکە کورد متمانەی بە ھەموو سەرۆکوەزیرەکانی عێراق دا و حکوومەت پێکھاتن، بەڵام بەداخەوە ھیچیان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون، ئەوەش وای کردووە ڕۆژ بە ڕۆژ متمانە کەمتر ببێتەوە.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنانەدا بکات کە لەگەڵ عێراق ئەنجامی داوە، ھەر لە جەعفەرییەوە تا عەللاوی و مالیکی و عەبادی، ھەر ھەموویان لە کارنامەی حکوومەتەکانیاندا بوو مافەکانی گەلی کورد بەپێی دەستووری عێراق بدرێنەوە.

تاڵەبانی گوتیشی: پێویستە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و گەڕانەوەی موڵکی جووتیارانی کورد جێبەجێ بکرێت، ئێمە جیددین لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و جەخت لەسەر ماددەکانی دەستوور دەکەینەوە، بەڵام بە بۆچوونی من با بەس بێت دوای پێنج کابینەی حکوومەت لە عێراق بەردەوام بەڵێن دەدەن و جێبەجێی ناکەن، پێویستە ئێمە وەکو کورد بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق ئەزموون لە ڕابردوو وەربگرین.

ڕێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: خراپترین حکوومەتی عێراق، حکوومەتی سەردەمی بەعس بوو، کەچی ھیچی بەرامبەر کورد پێ نەکرا، خۆ ئەوانەی ئێستا لە بەعس بەھێزتر نین.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار