سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا دۆخى ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن

ھەولێر-KDP.info- شه‌وى ڕابردوو، پێنجشه‌ممه 2025/1/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه پێگه‌یشت. تیایدا ده‌ر‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى سووریا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له ناوچه‌كه كرده‌وه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به گرنگ بۆ سه‌قامگیریى عێراق له قه‌ڵه‌م دا.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیرى و ڕۆڵى دۆستانه‌ى فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن له یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له ڕۆژگاره سه‌خته‌كاندا دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه گه‌لى كوردستان هه‌رگیز هاوكارییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌بیر ناكات.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك ماكرۆن جه‌ختى له به‌رده‌وامیى پشتگیریى فه‌ره‌نسا له عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه فه‌ره‌نسا به بایه‌خێكى زۆره‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ستایشى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانیی له‌پێناو سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا، كرد.
هه‌ر له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌رۆك ماكرۆن پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد و تیشكیان خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له عێراق و سووریا و داكۆكییان له پاراستنى مافه‌كانى كورد له سووریا كرده‌وه و چه‌ندین بابه‌تى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌شیان، تاوتوێ كرد.




