یەکێتی خانەنشینانی ھەرێم بۆ KDP: ھەموو خانەنشینێک ئەو دوو مافەی ھەیە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای دەرچوونی بڕیاری خانەنشینی لە تەمەنی ٦٠ ساڵیەوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و تەنھا یەک جۆری تەمەن نەبێت ئەوان بەپێی مانگەکانی ئەمساڵ خانەنشین دەکرێن و بەشێک لە خانەنشینانیش مووچەی ١٨ مانگ پێکەوە وەردەگرن وەکو پاداشت.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەپێی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی لە تەمەنی ٦٠ ساڵی خانەنشین دەبن ئەوانەن کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ و ١٩٦٤ن و پێویستە لە ٣١-١٢ەوە خانەنشین بکرێن و لە دەوامکردن نەمینێن و خانەنشین بن، هاوکات لە ١-١-٢٠٢٥ بە خانەنشین حیساب بکرێن و ئەوانەی لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٥ن بۆ نموونە لە ١٥-١-٢٠٢٥ لەدایکبووە پێویستە لەو وادەیە ئەویش دەبێتە ٦٠ ساڵ خانەنشین بکرێت، بۆیە ئەوانەی لەمساڵ دەبنە ٦٠ ساڵ لەکام مانگ بگەنە ئەو تەمەنە ئەوانیش خانەنشین دەبن، بۆیە بڕیارەکە دراوە و کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سادق عوسمان گوتیشی: تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داویەتی وەکو خۆی جێبەجێکراو بەپێی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق، کە لە پەرلەمان پەسەند کراوە و پێویستە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق خانەنشینکردن لەیەک تەمەن بێت، بۆیە ئەو بڕیارە لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێکراوە.
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان دەڵێت، "ئەوانەی خانەنشین دەبن بەپێی یاساکە ئەو کەسەی لە ژیانی دەوامکردنی خۆی ساڵانە مافی ٣٠ ڕۆژ مۆڵەتی ھەیە ئەگەر لەکاتی خانەنشین بوونی مۆڵەتی وەرنەگرتبێت لەجیاتی ئەو مۆڵەتە مووچەی بنەڕەتی شەش مانگیان پێدەدرێت پێویستە لە فەرمانگەی خۆیان پێیان بدرێت و ئەوەی دیکەش ساڵێک بەپێی یاسا مووچەی تەواو بە ھەموو دەرماڵەوە پێیان دەدرێت وەکو پاداشتی کۆتایی ھێنان بەخزمەت و خانەنشینی، بۆیە ھەموو خانەنشینێک ئەو دوو مافەی ھەیە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، "لە زۆرێک لە شوێنەکان داوا لەو کەسانە کراوە خانەنشینی دەیانگرێتەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ بچنەوە بۆ ماڵ و دەوام نەکەن و خانەنشین دەبن، بۆیە بڕیارەکە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عوسمان ئەوەش ئاشکرا دەکات، "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی ورد نیە چەند کەس لە ھەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن بەھۆی ئەوەی چەند تەمەنێک دەگرێتەوە، بۆیە ڕەنگە نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان خانەنشین بن.
بڵند ئیبراھیم




