د.بەشیر حەداد بۆ KDP: لە عێراق زیاتر لە نیوەی ماددەکانی دەستوور پێشێل کراون

ھەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە عێراق زیاتر لە نیوەی ماددەکانی دەستوور کە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندان، پێشێل کراون، بۆیە پێویستە دادگایەکی فیدڕاڵیی بێلایەن دابمەزرێت و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا ئەوکات پێویستە کورد بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، دەستوور لە ھەر وڵاتێک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و چارەسەری کێشەکانە، ھەر کێشەیەک ڕووبدات، دەستوور دواین چارەسەرە و پێویستە چارەسەری بکات، بەڵام لای ئێمە بەھۆی پابەندنەبوون بە دەستوور و ھەندێک جار تەفسیرکردنی دەستوور لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بە شێوازێک لە بەرژەوەندیی لایەنێک زیاتر، وادەکات کێشەکان زیاتر قووڵ ببنەوە.
حەداد ڕوونیشی دەکاتەوە، ئێمە پێویستیمان بەوە ھەیە لایەنەکان بەڕاستی پابەندی دەستووربن کە خۆیان دەنگیان پێداوە و خۆیان دایانڕشتووە، پێویستیمان بە دادگایەکی فیدڕاڵیی بێلایەن ھەیە، کە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و ھەندێک ماددە لە دەستوور زۆر ئاڵۆزن و دەکرێت زۆر تەفسیریان بۆ بکرێت، ئەمە یەکێکە لەلایەنی لاوازیی ھەر دەستوورێک و پێویستە دەستوور یەک مانا بدات و قابیلی تەفسیری زیاتر نەبێت.
دەشڵێ، پێویستە دەستوور ئەو ھێزەی ھەبێت لایەنەکان پابەند بکات، بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت، لە کاتێکدا دەستوور خۆی دانی بەوەدا ناوە عێراقی نوێ دوای ٢٠٠٣ لەسەر چەند کۆڵەکە و بنەمایەک دامەزراوە یەکێک، لەوانە تەوافق و شەراکەتە و پێویستە سازان لە ھەموو کایەکانی سیاسەتی عێراقدا ھەبێت.
بەشیر ھێماش بۆ ئەوە دەکات، پێویستە لایەنەکان بە ڕێککەوتنەکانی خۆیاندا بچنەوە، بە تایبەت لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتدا، چونکە ھەموو جارێک لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتدا، پابەندبوون بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان دووپات دەکرێتەوە و پابەندبوون بە سازان بە ھەمان شێوە، بەڵام کە ناکرێت، پێویستە کورد ئەمجارە کە دەرفەتی زۆری بە لایەنەکانی دیکە داوە، ھێڵێک ڕابکێشێت و بە ڕاشکاوانە ئەگەر ئێمە شەریک و ھاوبەشین، پێویستە ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن، کە جێبەجێ نەکرێن، ئەوکات بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و سەرەکی بدرێت.
لە عێراق زیاتر لە نیوەی ماددەکانی دەستوور جێبەجێ ناکرێن، بۆچی دەستوورێک کە خەڵک دەنگی پێیداوە. پێشێل بکرێت؟. بەشیر حەداد وای گوت.
بڵند ئیبراھیم




