ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و ھەولێر بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦-١-٢٠٢٥، شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و بە وەکالەتی سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەکی دیکەی وەزیر و سەرۆک فەرمانگە پێک ھاتبو، لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەروەھا باس لەو گیروگرفت و بەربەستانەکرا کە لەلایەن بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت کرا. کۆبوونەوەکە لەبارەی یاسای بوودجە و ئەو پابەندییانەی لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، ھەروەھا جێبەجێ نەکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی بوودجە گفتوگۆی لەسەر کرا.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا، زیاتر لە ٢٣ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان بەشدارن، سەرەتا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وردەکارییەکی لەبارەی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای بوودجە خستە بەردەم کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، دواتریش وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان باسی گفتوگۆیەکانی لەگەڵ بەغدا کرد، ھەروەھا باسی لەو ستەمانە کرد کە بەغدا لە ھەرێمی کوردستانی دەکات.
ھاوکات ئەو داتایانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەسەر بوودجە خراوەتە ڕوو، بۆ سەر ھەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و خراوەتە بەردەست کونسوڵ و نوێنەرەکان.
چاوەڕوان دەکرێت داوا لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بکرێت، ڕۆڵیان ھەبێت لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەتایبەت لە جێبەجێ کردنی یاسای بوودجە. ھەروەھا چارەکردنی یەکێک لە کێشە ھەرە گرنگەکان، ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ھەمواری یاسای بوودجەیە، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو پەسەند بکرێت.




