پارێزگاری دهۆک: بەرژەوەندیی گشتی دەپارێزین و چاوپۆشی لە هیچ کەس ناکەین

ههولێر-KDP.info- پارێزگاری دهۆک دەڵێت، ئەمڕۆ هەموو ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دادەخرێن کە هۆکارێکی پیسبوونی ژینگەن.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا رایگەیاند، چاوپۆشی لە هیچ کەس ناکەن و "دڵنیابن بەرژوەندیی گشتی دەپارێزین، نەک بەرژەوەندیی چەند کەسێک".
دەقی بڕیارەکانی پارێزگاری دهۆک:
1. هەموو ئەو شوێنانەی کاری پاڵاوتن دەکەن، لە ئەمڕۆوە هەموویان دادەخرێن. یەک پاڵاوگەی نایاسایی نابێت کار بکات.
2. هەر کارگەیەک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، دادەخرێت، جا هەرشتێک بەرهەم بهێنێت کێشەی خۆیەتی.
3. هەر شتێک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، بە تووندی رووبەڕووی دەبینەوە.
4. موەلیدەکان دەبێت بکرێنە فیلتەر و بێدەنگ بکرێن. ئەوەی نەیکات، ڕێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر.
5. کۆنترۆڵکردنی ئەو سووتەمەنییە دەکرێت کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و دەبێت بەپێی کۆنترۆڵ بێت.
6. بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت لەنێو سەنتەری شار ئاگر بکرێتەوە.
7. سزای خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدەن کە ژینگە پیس دەکەن.




