٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سلێمان ئۆسۆ بۆ KDP: سەرۆک بارزانی پشتیوانی دیدگایەکی ھاوبەشی کوردە بۆ سووریا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی باسی دۆخی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو کراوە، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی دەربڕی لەسەر پشتیوانی بەردەوامی بۆ گەلی سووریا و دۆزی کورد.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا ڕایگەیاند کە شاندێکی باڵای ئەنەکەسە لەسەر بانگھێشتی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجام داوە.

ئۆسۆ ئاماژەی بەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ھەنووکەیی ناوچەکە و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەتایبەتی دۆخی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.

ھەروەھا جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەشداری گەلی کورد لە داڕشتنەوەی داھاتووی وڵات و پێویستی یەکڕیزی و گەیشتن بە دیدگایەکی کوردی ھاوبەش سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد.

سەرکردەی ئەنەکەسە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی دەربڕی لەسەر پشتیوانی بەردەوامی بۆ گەلی سووریا و دۆزی کورد لە سووریا و ھەوڵەکانی بۆ یەکڕیزی کورد. ناوبراو تەئکیدی کردەوە کە ئەم جۆرە دیدارانە زۆر گرنگن بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی و تێگەیشتنی ھاوبەش.

 

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار