٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی پلان و كاری ساڵی 2025یان بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڵند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 2ـی پارتی، په‌یوه‌ست به‌ كار و پلانیان بۆ ساڵی نوێ ده‌ڵێ، بۆ ساڵی داهاتوو پلانمان هه‌یه‌ و دەمانەوێ ئەوەندە لەناو جەماوەر بین، هەرگیز كەلێنێك لە نێوان ئێمە و جەماوەردا نەمێنێت ده‌شڵێ، پارتی بەرنامەی بۆ ئایندە هەیە لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ستراتیژیەتی كێشەی كورد.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 2ـی پارتی، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پارتی مێژوویەكی پڕشنگدار و گەشی هەیە و حزبێكە تاقی كراوەتەوە، خاوەنی قوربانیدانێكی زۆرە بۆ بەدەستهاتنی ئەم قەوارەیە، هاووڵاتیانیش لەو ڕاستییە گەیشتوون تەنیا پارتییە حكومڕانییەكی باش و ڕاستگۆیانەی هەیە، پارتی بەرنامەی بۆ ئایندە هەیە لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ستراتیژیەتی كێشەی كورد، خەڵكی كوردستان دەزانن پارتی لە كوێ بێت، ئارامی و خۆشگوزەرانی لەوێیە، بۆیە دەنگیان بە پارتی بەخشییەوە.

بڵند ئیسماعیل گوتیشی: "ئەو دۆخە پۆپۆلیستییە بەسەرچوو كه‌ خۆڵ دەكرایە چاوی خەڵكی، هاووڵاتیان لە دروشم تێر بوون و كرداریان دەوێت، پارتی حزبی بەرپرسیارە و هیچ كات لە بەرپرسیارەتی ڕاناكات، لە كەموكوڕییەكان خۆی دەكاتە خاوەن و چارەسەریشی پێیە، كێرڤی دەنگی پارتی زیاتر دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، پارتیش لەم هەڵبژاردنەدا دابەزی بۆ قووڵایی دەنگدەر، بەم دەنگەی خەڵك پێی داوین، بەرپرسیارەتیی سەرشانمان لە حزب و حكوومەت و دامەزراوە ئەمنییەكان قورستر بووە، متمانەیەكیان پێ داوین بووە هۆی كۆتاییهێنان بە پیلانەكان و وەڵامی ناحەزانیان دایەوە، خەڵکانێک بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پارتی دەنگ ناهێنێت و دەشكێت، گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد 60 بۆ 70%ی خەڵك بڕواتە دەنگدان ئەوە پارتی دەنگی نامێنێت، كەچی كاتێك بەشدار بوو، دەنگەکانی پارتی زۆر زیادیان کرد، پارتی لەناو هەموو چین و توێژەكان دەنگی هەیە، ئێمە زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەنگ و متمانەی خەڵكی كوردستان وەربگرین.

پارتی بە حزووری جەنابی سەرۆك بارزانی، کە مەرجەعی هەموو كوردستانیانە، سەركردەیەكی بەهێز و گوێلێگیراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دنیا، حساب بۆ قسە و هەنگاوەكانی دەكرێت، بۆیە پارتی ژمارەیەكی قورسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كێشەیەك پێوەندی بە كوردستان و عێراقیشەوە نەبێت و پێوەندی بە دەوڵەتانی ناوچەكەوە هەبێت، ئەوە وەک هەمیشە ڕای سەرۆك بارزانی وەردەگیرێت. بڵند ئیسماعیل وای گوت.

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی زیاتر گوتی: پارتی توانیویەتی بەو حكومڕانییەی لە كوردستان دەیكات، کە ناوچە بە گشتی ناوچەیەكی پڕئاژاوەیە توانیویه‌تی ئازادی و دیموكراسی فەراهەم بكات و هەڵبژاردنیش زۆر بە ئاسانی دەكرێت، کە بێگومان ئەمەش دەستكەوتە.

بڵند ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش كرد: پارتی لە سنووری لقی 2 زیاتر لە 50 هەزار دەنگی زیادی كردووە، بە گشتیش پارتی لەسەر ئاستی كوردستان دەنگێكی زۆری زیاد كرد، ئەوەش ئەركێكی قورس دەخاتە سەرشانمان لە پەرەپێدانی پڕۆژە و ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروماڵی خەڵك، تا بتوانین وەڵامی متمانە و چاكەی دەنگدەران بدەینەوە.

په‌یوه‌ست به‌ كار و پلانیان بۆ ساڵی نوێ بڵند ئیسماعیل گوتی: "بۆ ساڵی داهاتوو پلانێكمان دەبێت و دەمانەوێ ئەوەندە لەناو جەماوەر بین، هەرگیز كەلێنێك لە نێوان پارتی و جەماوەردا نەمێنێت.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار