٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدان بۆ KDP: سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، گەرمیان و ڕاپەڕین پێویستیان بە قسەی زل و بێ کردار نییە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پەیامی خۆیان دەگەیەننە جەماوەر و داوا دەکەن خەڵکی ئەو دەڤەرانە ئەم جارە متمانە بە پارتی بکەن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانییان بۆ درێژ بکات.

کاندیدی ژمارە ٨ی لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەختیار بێسەریی، لە پەیامەکەیدا داوا لە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی شاری سلێمانی دەکات دەنگ بدەنە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەر دابینکردنی ئارامی و ئاوەدانی و چاکسازی و پێکەوەژیانی دیموکراتییانە، پارتی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بۆ ھەولێر و دھۆک فەراھەم کردووە و تموحی ھەیە ئەو ئاوەدانیەش بگەیەنێتە سلێمانیش و دەبێ داھاتی سلێمانیش بگەڕێتەوە سندوقێک کە خزمەتی ئەم شارە بکات.

حوسێن ئەنوەر قارەمان، کاندیدی ژمارە ١٦، لە پەیامی خۆیدا دەڵێت: ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حزبەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە پارتی خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەرییە لە داڕشتنەوەی ھاوکێشە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان، ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە گەشەپێدان و خستنە سەرپێی ئابووری خۆماڵی کوردستان و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی، ئاماژەی بۆ ئەوەش دا، خەڵکی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین شایانی ئاوڕلێدانەوەی جدی و خزمەتن، تەنیا پارتی لەسەر ڕێڕەوی حزمەتگوزاریی و پڕۆژەسازیی جیدی بەردەوامە، بۆیە دەنگدان بە لیستی ١٩٠ دەنگدانە بە ئێستا و داھاتوویەکی ڕووناک بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی.

کاندیدی ژمارە ١٦، بەڵێن دەداتە خەڵکی سنووری چەمچەماڵ چی دیکە ڕێگە نادەن بە تەزكیەی حزبی خەڵک ھەلیکاری بۆ بڕەخسێنرێ، دەشڵێ، نوێنەری ھەموو ئەوانەشین کە لە حزبەکەی ئێمە نین تا لە مافی خۆیان سودمەند بن، ئێمە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەمان دەست پێکردووە کە لەژێر چاودێری خودی جەنابی کاک مەسروور دا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن، ئەم پڕۆژەیە زۆر گرفتی کەمئاوی و تەندروستی بواری ئاوی خواردنەوە چارە دەکات، کەسانێک ویستیان ئەم پڕۆژەیە پەک بخەن، بەڵام خەڵک ھاوکاری حکوومەت بوون، بە پشتیوانی خوا و خەڵک حکوومەت پڕۆژەی تریش بۆ چەمچەماڵ جێبەجێ دەکات.

ھاوژین ئەبوبەکر فەتاح، کاندیدی ژمارە ٥٧، لەسەر لیستی ١٩٠ی پارتی ڕایگەیاند: ئێمەی پارتی لەلایەن خەڵکەوە تاقیکراوینەتەوە و ئیمتحانی دەسەڵاتداریی خۆمان لە سنووری شارەکانی ھەولێر و دھۆک داوەتەوە، خەڵکی تریش تاقیکردنەوەی خۆی داوە لە سنووری سلێمانی و تێیدا دەرنەچووە و خەڵک دەیبینن، داوا لە خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی دەکەین دەرفەتمان پێ بدەن، ئێمە حزبی پڕۆژەسازیی گەورەین و دەزانین و دەتوانین زۆر شتی گەورە بۆ ئەم شارە و خەڵکەکەی بکەین، دەنگدانی خەڵک بە پارتی دەرفەتمان بۆ دەرەخسێنێ دەستمان واڵا بێت چی بۆ ھەولێر و دھۆک دەکەین لەوە زیاتریش بۆ سلێمانی بکەین، ئەم شارە پێویستی بە قسەی زل و بێ کردار نییە پێویستی بە خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی ھەیە و ھێزێکی زۆری مرۆیی پسپۆر و باش ھەیە بخرێتە گەڕ بۆ بەرەوپێشچوون، با دەنگی ئەمجارە لە سلێمانی بۆ پارتی بێت، ئێمە لە تاقیکردنەوەدا دەرچووین و دەردەچین.

کاندیدی ژمارە ٦٣، ئەندازیار ھۆزار تۆفیق، وەک ئەندازیارێک بۆ جەماوەری سلێمانی گوتی: پارتی لە ھەر شوێنێک بووبێ ئارامی و ئاوەدانی و یاساسەروەری لەوێ بووە، ئێمە نوێنەری دروشمێکی مەزنین کە ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگرییە، وەک ھاووڵاتییەک و کاندیدێکی سلێمانی ڕایدەگەیەنم شارەکە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە زۆر بەجێماوە، وەک ئەندازیارێک کە شارەزای دۆخی شارەکەم، دەزانم کەموکورتی و پێداویستییەکانی چین، داوا دەکەم خەڵکی ئەم شارە خۆشەویستە دەنگمان پێ بدەن بۆ ئەوەی ببینە نوێنەری ویست و خەم و ئاوات و داواکارییەکانیان، ئێمە دامودەزگاکانی حکوومەت لە سلێمانی دەخەینە ژێر چاودێری چڕ و ھەوڵ دەدەین دەستی نایاسایی تێیدا کورت ببێتەوە و نەمێنێ تا حکوومەتی ھەرێم بتوانێ لەم شارەدا خزمەتگوزاری و پڕۆژەسازیی بکات.

 

سەلاح جلال

هەواڵی پەیوەندیدار