٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا بە وەکالەت لە ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.

ئەمڕۆ ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە خاتوو (کاترین شو) کونسوڵی گشتی بەریتانیا بە وەکالەت لە ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێک دا کە ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوو، فازڵ میرانی وێڕای بەگەرمی بەخێرھێنانیان تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئێستای کوردستان و بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھێمنانەو سەردەمیانە بەڕێوەدەچێت و ھیوای خواست ھەموو لایەنەکان بە ھەمان نەفەس ھەڵمەتی بانگەشە بەڕێوەبەرن.

سەبارەت بە ناوچەکە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی باسی لەوەکرد کە پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییە ناوچەکە بە قۆناغێکی مەترسیدار تێدەپەڕێت و کاریگەریی نەخوازراوی ھەیە و ھیوای خواست بە لۆژیک سەرەدەری لەگەڵ پێشھاتەکان بکرێت.

لەلایەکی ترەوە فازڵ میرانی دەستخۆشی لە خاتوو (کاترین شو) کونسوڵی گشتی بەریتانیا بە وەکالەت کرد بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لە ھەولێر و ھیوای سەرکەوتنی لە ھەر ئەرکێک و شوێنێکی تر بۆی خواست و لە ھەمان کات بە خێرھاتنی خاتوو (شارلۆت دیکسون) کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا کرد و ھیوای خواست لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ھاوکاریکردنی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی دا.

لەلای خۆیەوە کونسوڵی گشتی بەریتانیا بە وەکالەت لە ھەولێر خاتوو (کاترین شو) زۆر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو سوپاسی گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە لەو ماوەیە کە لە ھەولێری پایتەخت کارەکانی ڕاپەڕاندووە و زۆر یارمەتیدەرو ھاوکاربوون و ھیوای خواست ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت کە لە خزمەتی گەلی کوردستاندا بێت و ھەرێمی کوردستان ھەر لە پێشکەوتن دا بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار