٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٦١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزگەکە کرد.

دەقی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەڕێزان بەڕێوبەر و کارمەندان و میدیاکارانی ئازیزی ئێزگەی دەنگی کوردستان

لە شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەک بەیەکتان دەکەم و لە رێی ئیزگە تێکۆشەرەکەتانەوە پیرۆزبایی لە جەماوەر و گوێگرانتان دەکەم. 

ئەم ئیزگە دلێر و دێرین و دەنگ زوڵاڵە، تەنھا ئیزگەیەک و کەناڵێکی میدیایی نییە، بەڵکو لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا بڵندگۆ و دەنگ و نەعرەتەی شۆڕش و پێشمەرگە و بیرەوەریی ڕۆژانی سەختی تێکۆشان و کۆڵنەدانە و یادگارێکی  نەمر و پڕ شانازییە. 

ئێزگە ئەو مینبەرە بوو کە لە ڕۆژانی بندەستیدا دەنگی گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی دەگەیاند و بووە قوتابخانەی یەکەمی میدیای نیشتمانی و وابەستەی دۆز و داوا ڕەواکانی گەل. 

لەم یادە شکۆدارەدا سڵاو و درود بۆ ھەموو ئەو تێکۆشەرانە دەنێرین کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا لەم ئێزگە تێکۆشەرەدا خەبات و خزمەتیان کردووە و بەشێکیان گیانی خۆیان لەو ئەرکە پیرۆزەدا بەخشی و شەھید بوون.  

سوپاسی ئێوەی تێکۆشەریش دەکەم کە درێژەپێدەری رێبازی ئەو نەمرانە و ئەو تێکۆشەرە دڵسۆزانەن.

لەم یادە پیرۆزەدا ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتن بۆ ئێوە و بەردەوامی بۆ ئیزگەی دەنگی کوردستان دەخوازم

نێچیرڤان بارزانی

٢٩ ئەیلوولی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار