٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ١٩ بۆ KDP: لەبەر ئەم ھۆکارانە پێویستە دەنگ بە پارتی بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەماڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: پارتی خاوەنی سیاسەت و بەرنامە و پلانی ستراتیژیی قووڵە بۆ پرسە نەتەوەیی و دیپلۆماسی و ناوخۆیییەکان و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ سەبارەت بەم کیانە و چارەنووسی ئەم گەلە و چی لە بەرژەوەندیی گشتیی کوردستانیاندا بێت، ئیشی لەسەر دەکات و خزمەتگوزارییە فرە ڕەھەندەکان کاری ھەمیشەیی ئێمەیە و درێغی ناکەین.

یوسف شوانی، بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی لە چەمچەماڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ئەوەی کە دەنگ بە پارتی دەدات و داوا دەکەین ئەوانەشی پێشتر دەنگیان بە پارتی نەداوە، ئەم جارە دەنگمان پێ بدەن، کە کۆمەڵێک ھۆکاری ھەیە. ھۆکاری یەکەم بۆ چەند ڕەھەندێک دەگەڕێتەوە، کە پارتی تێیدا ئامادەیی ھەبووە، وەک: بیری نیشتمانی و نەتەوەیی و خاکپارێزی، کە ھەمیشە لە ئەولەویەتی پارتیدا بووە و خودی پارتی لەسەر بنەمای ئەوە دامەزراوە، بۆیە پێمان وایە پارتی لە ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بەردەوام ئەرکەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە، ئێمە کە لە پاتەختی ئەنفالین لە چەمچەماڵ، بەردەوام دەبینین کە پارتی خۆی بە خاوەنی ئەو شەھیدانە دەزانێ و کەسوکاریان بە کەسی خۆی دەزانێ و شەڕ دەکات بۆ مافەکانیان، بۆیە سرووشتییە کە ئەو خەڵکە زوڵملێکراوەی ئێمە دەنگ بدات بەو کەسەی خاوەندارێتیی ئێش و ئازار و ماف و پێداویستییەکانیان بکات و خزمەتیان بکات.

شوانی ھەروەھا گوتی: دوووەم ھۆکار کە دەنگ بە پارتی بدرێت ئەوەیە،‌ کە پارتی لە ڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئێستا چاوی لەسەر ئامانجە مەزنەکەیە، ئامانجی گەلی کوردستان کە ئەویش ھەوڵدان بووە بۆ دروستکردن و بونیاتنانی کیانێکی سەربەخۆ و پارتی موساوەمەی نەکردووە و ناکات لەسەر سیادە و سەروەری و بستێک خاکی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش ئەمە دەبینن، بۆیە متمانەمان پێ دەکەن و دەنگمان دەدەنێ.

بەرپرسی لقی ١٩ گوتیشی: پرسی ئەمنیەت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی، بۆ پارتی پرسێکی حەیاتییە و ئەو کەسانەی ئەم پرسەیان بۆ گرنگە لە کوردستان، زۆرینەیان بەردەوام دەنگیان بۆ پارتی بووە کە لەسەر ئەم بنەما گرنگانە پێداگرە بۆ ژیانی ھاووڵاتیانی کوردستان. 

ھونەری پارتی لە سیاسەتدا ئەوەیە، کە ئێمە لە ناوچەیەکی سەختی جیۆپۆلیتیکی وەک ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستین، کە بەردەوام ململانێ و بەریەککەوتنی تێدایە و کوردستان دژایەتییەکی زۆر دەکرێ، بەڵام پارتی توانیویەتی بە حوکمڕانیی حەکیمانە کوردستان تا ڕادەیەکی باش بپارێزێ لەو ئاڵۆزیانەدا و ئەمەش لای خەڵک پرسێکی ئەساسییە کیانێک لە ناوچەیەکی ئاوا بپارێزرێ و داوا دەکەین ھەموو ئەوانەی پێشتریش دەنگیان بە پارتی نەداوە، ئەم جارە دەنگی پێ بدەن تاوەکو کوردستان پارێزراوتر و ئاوەدانتر بێ.

شوانی ھەروەھا ئاماژەی دا: لە کوێ پارتی لە ڕووی مەیدانییەوە دەستی کراوە بووبێت، کاری کردووە بۆ پرسی سەرمایەگوزاری و پاراستنی سەرمایەداران و پڕۆژەکانیان و ھەروەھا پرسی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەکان و بواری تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی، کە لە ئەولەویەتی کابینەی نۆیەم بوون و سەدان و ھەزاران پڕۆژەی گەورە و بچووکی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی کاک مەسروور بارزانی، کە شایانی پاداشتە لە لایەن خەڵکەوە و ئەو پاداشەش بە دەنگ دەدرێتەوە، تا پارتی کاری زیاتر بکات.

دەشڵێ: ئەمانە ھەموو ھۆکارن بۆ دەنگدان بە پارتی و ھەروەھا ئەوەی کە پارتی بە دەنگێکی دلێر و متمانەیەکی قووڵ بە خۆی داوای دەنگی ھاونیشتمانیان بکات، بۆیە داوا لە خەڵکی شارەکەی خۆم چەمچەماڵ دەکەم، کە دەنگ بدەنە لیستی ١٩٠، لیستی سیاسەتی حەکیمانە و خزمەتگوزاری و ئارامی و خۆڕاگری.

 

سەلاح جەلال

هەواڵی پەیوەندیدار