مەسروور بارزانی: هەڵبژاردن تەنیا بۆ پێکهێنانی حکوومەت نییە بەڵكو بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پارتی، ڕایدەگەیەنێت، ھەڵبژاردن تەنیا حووکمڕانی چوار ساڵی داھاتوو دیاری ناکات بەڵکو بڕیارێکی چارەنووسسازە. هاوکات گوتیشی:ھەڵوێست وەرنەگرتن ھەڵویستە و ئەگەر کەسێک دەنگ نەدات کەسانێک لەبری ئەو بڕیار دەدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی شاری ھەولێر کۆبووەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی، لە میانی گوتەیەکدا ڕایگەیاند: ھەر بڕیارێک لە ھەڵبژاردندا بدرێت کاریگەریی لەسەر تاک بە تاکی ھاووڵاتییان دەبێت، بۆیە دەبێت گوتارێکی ڕاشکاو و ڕاستگۆیانەمان ھەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ھەڵوێست وەرنەگرتن ھەڵویستە و ئەگەر کەسێک دەنگ نەدات کەسانێک لەبری ئەو بڕیار دەدەن.
مەسروور بارزانی گوتیشی: ھەڵبژاردن تەنیا حووکمڕانی چوار ساڵی داھاتوو دیاری ناکات، بەڵکو بڕیارێکی چارەنووسسازە، جەختی لەوەش کردەوە، ھەڵبژاردن تەنیا پێکھێنانی حکوومەت نییە، بەڵکوو بۆ مانەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە.
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: دەبێت چاومان لەوە بێت کوردستان ببێتە خۆشترین و پێشکەوتووترین وڵات لەسەر ئاستی جیھان، بەڵام دەستی ناوخۆ ھەیە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانمان دەکات.





