٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ کۆمەڵگای ڕۆشنبیری لە دھۆک دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری رۆشنبیر ی و ھونەری لە دھۆک گوتی: بڕیارە سێ کۆمەڵگای ڕۆشنبیری لە سنووری سێ قەزای دھۆک دروست بکرێن، یەکێکیان لە قەزای بەردەڕەشە و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی  دەست پێ کراوە و بڕیارە دووەکەی دیکەش دروست بکرێن. 

ئەندازیار لوقمان عوسمان سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستکردنی ھۆڵی ڕۆشنبیری بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  ماوەیەکە دەست بە پڕۆژەکە کراوە و ١٦%ی تەواو کراوە، ئێستا زۆر بەچڕی و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، زۆری نەماوە هەیکەلی بینا تەواو بکرێت، کاری زۆر باشی تێدا دەکرێت، ڕۆژانە ٢٥ تا ٣٠کەس کاری تێدا دەکات. 

ئەندازیار لوقمان عوسمان گوتیشی: بودجەی پڕۆژەکە ٧ملیار و ٣٤٨ملیۆن و ١٩٨ھەزار و ٦٥٠دینارە، ماوەی تەواوکردنیشی ٥٤٠ ڕۆژ بوو، بەڵام ماوەکەی زیاد کرا بۆ ٦٢٢ ڕۆژ، بۆیە بەو شێوەیە زۆر باشە و ئەگەر ھەیکەلی بینا تەوا بێت کارەکان خێراتر دەبن، چونکە ١٦ دۆنم زەوی بۆ تەرخانکراوە لەسەر ٤٠ھەزار مەتری چوار گۆشەیە. 

لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھونەریی دھۆک، ئەمیر عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی خۆمان لە بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان داوای دروستکردنی سێ کۆمەڵگای ڕۆشنبیریمان بۆ بەردەڕەش، شێخان و ئامێدی کردبوو، ئەوەی بەردەڕەش دەست پێ کراوە، چاوەڕێ دەکرێت بودجە تەرخان بکرێت و دووەکەی دیکەش دەست پێ بکرێت، چونکە ئێمە پلانی خۆمان پێشکەش کردووە. 

ئەمیر عەلی گوتیشی: ئەوەی بەردەڕەش دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ قەزاکە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان بڕیاری لەسەر درا و دەست بە دروستکردنی کرا، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە شێخان و ئامێدیش دەست پێ بکرێت. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار