سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی گرینگی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەكات

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان دەکات.
چوارشەممە ٩/١١، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی ئەمیندارانی دەستەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی بۆردەکە ئامادەی بوو، ئامانج و پەیام و دیدگا و پەیڕەوی ناوخۆ و پێکھاتە و کار و دەسەڵاتەکانی دەستەکە پەسەند کران.
دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتیی زانستیی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بە پشتیوانی و پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە.




