٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرچاوڕوونییەک لە یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت لەبارەی مووچەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونییەکی بڵاو کردەوە و تێیدا بە بەڵگەی سەلمێنەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حکوومەتی ھەرێم ھۆکار نەبووە بۆ دواکەوتنی مووچەی مانگی ئاب.

لە بەرچاوڕوونییەکەی یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتدا ھاتووە، ئەمڕۆ ٢٠٢٤/٨/٢٧ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٥٤٩ ملیار و ٥٧٢ ملیۆن دیناری خستە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە تایبەتە بە مووچەی مانگی ئاب (صرف رواتب الاقلیم لشهر آب)، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم چاوەڕێیی تەمویلی تەواوی مووچەخۆران بوو بۆ مانگی تەممووز.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھێشتا لیستی مووچەی مانگی ئابی ڕەوانەی بەغداد نەکردووە، چۆن وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئابی نارد، کاتێک پرسیاریان لێ کرا، گوتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی تەممووز مووچەی مانگی ئابمان بۆ ناردوون، ئەمە باشترین بەڵگەیە کە بەغداد ئەمەی بەرانبەر ھەرێم دەیکات، تەواو سیاسییە و ھیچ بنەمایەکی ھونەری و کارگێڕی و یاسایی نییە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان ھەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی تەممووز.

ڕێباز حەملان دەپرسێ، کاتێک تێبینیتان ھەیە، ئەی چۆن لەسەر ھەمان لیستی مووچەی مانگی تەممووز، مووچەی مانگی ئابتان نارد، بێ ئەوەی ھێشتا ھەرێم داوای کردبێت؟

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت دەڵێت، سبەی ٢٨ی ئاب، شاندێکی ھونەری و مالی لە ھەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێرکاری و بوودجە و چاودێریی دارایی ھەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی تەممووز دەچنە بەغداد، بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار