٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا وردەكاریی هۆكاری دواكەوتنی مووچەی ئاشكرا كرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی گفتوگۆیان کردووە.

لە نووسراوێکدا کە لە ھەژماری خۆی بڵاوی کردووەتەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق نووسیویەتی، دوای ئەوەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتە دەستمان کەخۆی لە ٧ خاڵ دەبینێت و گوایە وەکوو بیانوو بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بەکار دەھێندرێت، ئەو خاڵانە جگە لە  بیانووی بێ بنەما، پشتی بە ھیچ دەقێکی یاسایی و واقعێکی حسابی نەبەستووە.

ئەوەش دەیخاتە ڕوو کە دوێنێ چوارشەممە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کردووە و نیگەرانیی خۆیان و خەڵکی کوردستانی پێ گەیاندووە کە ھەرجارە و بە بیانوویەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوادەخرێت و ھۆکاری سەرەکیی ئەو بابەتەش وەزیری دارایی عێراقە و دەبێت ئەو دۆخە چاک بکریت.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە درێژەدا نووسیویەتی: نموونەی ھەردوو خاڵی ٤ و ٥ی ڕاپۆرتی وەزارەتی داراییم لەگەڵی باس کرد کە ناوەڕۆکەکەی دەڵێت دەبێت ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لە کەرکووک و خانەقینن نابێت حکوومەتی ھەرێم مووچەیان بدات ناویان ڕەش بکرێتەوە، گوتم ئەوانە ھەمان ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە ساڵانێکە ھەوڵ دەدەین بگوازرێنەوە سەر حکوومەتی فیدڕاڵی و خودی ئەو وەزیرە و ئەوانی پێشتریش ڕێگر بوون لە پڕۆسەکە، ئێستا لە جیاتیی گواستنەوەیان، وەزیری دارایی داوای کردووە مووچەکانیان ڕابگرن و خاڵەکانی تریش بەھەمان شێوە ھیچ بنەمایەکی نییە جگە لە سیاسەتی دژایەتیکردن و برسیکردنی خەلکی کوردستان.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە سوپاسەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی من ئاگاداری ئەوە نەبوومە، وادەکەم وەزیری دارایی پەیوەندیت پێوە بکات، دوای کاتژمێرێک تەیف سامی وەزیری دارایی پەیوەندی کرد و گوتی سەرۆکوەزیران باسی لە نیگەرانییەکانی ئێوەی بۆ کردووم. گوتم بەڵێ ئەوەی دەکریت ناهەقییە و پێچەوانەی دەستوورە و دەچێتە خانەی جیاکارییەوە، ھەروەھا پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و یاسایی بوودجەیە کە ئێمە لە پەرلەمان تەخسیساتی تەواومان بۆ مووچە و بوودجە و ھەرێم داناوە و دەنگی لەسەر دراوە.

وەک شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی پێداوە، وەزیری دارایی عێراق "ھەندێک بیانووی ھێناوە کە ئەو ھەڵەیەی فەرمانبەرانی کەرکووک چاک دەکرێت و بەشێکیشی دیوانی چاودێری دارایی بەرپرسە و لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنیان."

هەواڵی پەیوەندیدار