بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان شەش دەوڵەت مۆڵەتیان پێدراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا مۆڵەت بە ھەشت پڕۆژەی شەش وڵاتی بیانی دراوە بە سەرمایەی (٥,٠٠٨,٨٥٣,٥٢١)دۆلار، کە لە سێکتەری جیاجیادان.
سەربەست خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩وە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حەوتی ئەمساڵ، توانراوە ژمارەیەک وڵات ڕابکێشین بێن پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین سێکتەری جیاجیا ئەنجام بدەن، چونکە لەم کابینەیەدا زۆرترین مۆڵەت بە پڕۆژەکان دراوە لە ھەموو بوارەکاندا، کە ٣٩٤ پڕۆژەن بە سەرمایەی زیاتر لە ٢٤ ملیار دۆلار.
خدر گوتیشی: لەم کابینەیەدا وەبەرھێنەرانی شەش وڵات مۆڵەتیان پێدراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەوانیش وڵاتی میسر پڕۆژەیەکی بە سەرمایەی ٦ ملیۆن و ٦٢٦ ھەزار دۆلار جێبەجێ کردووە، وڵاتی لوبنان بە سەرمایەی ٤٨ ملیۆن و ٩٧ ھەزار دۆلار، وڵاتی چین بە سەرمایەی ٤ ملیار و ٩٠٦ ملیۆن و ١١٠ ھەزار دۆلار، وڵاتی تورکیا یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٨ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دۆلار، وڵاتی ئیمارات بە سەرمایەی ٢ ملیۆن و ٤٣٥ ھەزار و ٧٢١ دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە، ھاوکات وڵاتی کەنەداش پڕۆژەیەکی ھاوبەشی لەگەڵ میسر و عێراقی مۆڵەت پێدراوە بە سەرمایەی ٤ ملیۆن و ٢٤٠ ھەزار دۆلار، کە دەکاتە پێنج پڕۆژە بە سەرمایەی ٤ ملیار و ٩٧١ ملیۆن و ٤٦٩ ھەزار و ٥٢١ دۆلار.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: ھەر لەم کابینەیەدا سێ پڕۆژەی ھاوبەشی عێراقی - بیانیمان ھەبوون، ئەوانیش پڕۆژەی عێراقی - چینی بە سەرمایەی ١٣ ملیۆن و ٣٢٦ ھەزار دۆلار، پڕۆژەی عێراقی - تورکی بە سەرمایەی ١٩ ملیۆن و ٨١٨ ھەزار دۆلار، پڕۆژەی عێراقی - میسری - کەنەدی بە سەرمایەی ٤ ملیۆن و ٢٤٠ ھەزار دۆلار، کە سێ پڕۆژەن بە سەرمایەی ٣٧ ملیۆن و ٣٨٤ ھەزار دۆلار.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: تەنیا لەمساڵدا ٢٦ پڕۆژە بە سەرمایەی ٩ ملیار و ٨٢ ملیۆن و ٤٦٤ ھەزار و ٤٨٦ دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژە دراوە بە جۆرێک، لە ھەولێر ١٤ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٧٨ ملیۆن و ٧٦١ ھەزار و ٧٣١ دۆلار و لە گەرمیان ٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ١١ ملیۆن و ٥٦٦ ھەزار و ٤٩٩ دۆلار و لە ڕاپەڕین یەک پڕۆژە بە سەرمایەی یەک ملیۆن و ١٠٨ ھەزار و ٦٢٤ دۆلار و لە سلێمانی ٤ پڕۆژە بە سەرمایەی ٨ ملیار و ٢٨٧ ملیۆن و ٥٤١ ھەزار و ٧٣١ دۆلار و لە سۆران یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ١٩ ملیۆن و ٨٨٠ ھەزار و ٥٩٤ دۆلار و لە دھۆک چوار پڕۆژە بە سەرمایەی ١٨٣ ملیۆن و ٦٠٥ ھەزار و ٣٦٢ دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژە دراون لەسێکتەری جیاجیادا.
ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێ دراوە، لە سێکتەری بازرگانی و بانکەکان و تەندروستی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، فێرکردن، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، ھونەری و وەرزشین بە شێوەیەکی گشتی.
بڵند ئیبراھیم




