مەسروور بارزانی ڕەزامەندیی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی دھۆک داوە و سێ ناحیەی نوێش دروست دەکرێن

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەیەنێت، مەسروور بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر تەواوکردنی تەواوی پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای دھۆک داوە و ئێستا زۆرینەی پڕۆژەکان دەستییان پێ کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سێ ناحیەی نوێ لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٩ـی ئابی ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک ڕایگەیاند: چەند پڕۆژەیەک لە دھۆک و ئاکرێ بە پشتیوانیی ھەردوو ڕێکخراوی UNHCR و WHO کراون و لە قەزای سیمێلیش چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن.
پارێزگاری دھۆک وەک مژدەیەکیش ڕایگەیاند: "سێ ناحییەی نوێ لە میسیریک و شاریا و تەناھی، بۆ ئاسانکاریی لە کارووباری ھاووڵاتییانی ئەو دەڤەرانە دروست دەکەن". هاوکات گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕەزامەندیی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان داوە.
پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سنووری شارەوانی تەناھی کە بەرفراوانە لە پێچی زەرکا تا دەگاتە ئەو شەقامە شەست مەترییەی ئێستا، بە ١٠ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و لە سەنتەری سیمێل پارکێک دروست دەکرێت لەگەڵ چاککردنی شەقامەکانی، ھاوکات بەردی بناغەی چاککردنی شەقامی شاریا دادەنرێت کە زۆر کۆن و پڕ ڕووداو بوو لە پێشتردا".
پارێزگاری دھۆک ڕاشیگەیاند: تەواوی ئەو پڕۆژانەی وەستابوون، دەستییان پێ دەکرێتەوە، خزمەتی ھەموو قەزا و ناحیەکان و گوند و ناوچەکان دەکەن بێ جیاوازیی.




