متمانەسەندنەوە لە مالیكی ئیستیحقاقێكی ئەخلاقی و سیاسییە

فەیسەڵ دەباغ
هاوپەیمانیی نیشتمانی كە 159 كورسیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە، ئاڕاستەكانی یەك نین، باڵێك ئاماژە بە سەندنەوەی متمانە دەكات و دووەمیان داوای ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان دەكات و سێیەمیشیان هەر دژی كۆبوونەوەكانی هەولێر و نەجەفە و زۆر بە توندوتیژی هێرش دەكەنە سەر ئەو لایەنانەی كە بەشداری ئەو دوو كۆبوونەوەیە بوون.
كەواتە بژاردەكان یان تەئكیدكردنە لەسەر سەندنەوەی متمانە و هەڵبژاردنی ئەلتەرناتیڤی سەرۆكوەزیرانە وەك ئەوەی هێزەكانی هەولێر و نەجەف داوای دەكەن، یانیش میانگیرییە بۆ گەییشتن بۆ ناوەڕاستی ڕێگەكە بە شێوەیەك كە هەر بەخۆیان دەڵێن غالیب و مەغلوبی تێدا نەبێت.
ڕاستە هەڵوێستی كورد و عێراقییە و ڕەوتی سەدر بە گشتی مەترسیدارن بۆ ئاییندەی مالیكی، بەڵام مەترسیدارترینیان هەڵوێستی ڕەوتی سەدرە، چونكە ئەگەر ئەم هەڵوێستە بۆ كورد و عێراقییە ئاسایی بێت، ئەوا بۆ ڕەوتی سەدر هەر ئاسایی نییە، چونكە ئەم هەڵوێستە لە ناو خودی ئەو هاوپەیمانییەدا خوڵقاوە كە مالیكی بۆ دوو خولی سەرۆكایەتیی وەزیران هەڵبژاردووە.
بۆیە مالیكی لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یان سەر بۆ ئەو كۆدەنگییە دابنوێنێ و دەست لەو پۆستەی هەڵگرێت، یان لیستەكەی كە لیستی دەوڵەتی یاسایە، لەو هاوپەیمانێتییە بكێشێتەوە. دەكرێ بڵێین ئەو كەشە ئاڵۆزەی كە ئێستا لە دەوروبەری مالیكیـدایە هەر بەو كەشە دەچێت كە ساڵی 2005 لە دەوروبەری حكوومەتەكەی جەعفەریـدا بوو، كاتێك بە پاڵنەری كورد كۆدەنگییەك لە نێو هاوپەیمانییە حاكمەكە دروست بوو بۆ لادانی ئەو لە پۆستی سەرۆكوەزیراندا.
ئەوكات مالیكی نەك شەخسی دووەم، بەڵكوو شەخسی سێیەم بوو لە نێو حزبی دەعوەدا. عەلی ئەلئەدیب كە ئێستا وەزیری خوێندنی باڵایە، زۆر لە پێش مالیكیدا بوو، بەڵام سەركردەكانی حزبی دەعوە پشتگیرییان لە مالیكی كرد، نەك عەلی ئەلئەدیب كە بە قسەی هەندێ لەو سەركردانە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كوردێنی ئەو كە بەخۆیشی ئینكاری دەكات.
هەموومان دەزانین كە مالیكی دووبارە پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرتەوە بە سەفقەیەكی نادەستووری بوو، بیانووەكە ئەوكات وا ڕاڤە كرا كە باری وڵات وا پێویست دەكات چاو لە هەندێ بڕگەی دەستوور بپۆشرێت و سیستەمی تەوافوق و بەشداری بمێنێتەوە، بە مەبەستی پاراستنی یەكیەتیی وڵات و ئاشتەوایی نیشتمانی وەك ئەوەی كە بڵاو كرایەوە.
ئا لەسەر ئەم بنچینەیەدا، مالیكی حكوومەتی ئێستای لەسەر شێوازی شەراكەتی نیشتمانی پێك هێنا، كە لە كۆتایی ویلایەتی یەكەمیدا، بەڵێنی ئەوەی دابوو كە به هیچ شێوەیەك بۆی ناگەڕێتەوە، ئیتر هەر بۆ خۆی لێی پاشگەز بووەوە و بەمەیش هەم كێشەی بۆ خۆیشی دروست كرد و هەمیش بۆ لایەنەكانی دیكە.
كەواتە ئەم تەنگژەییە هیی ئێستا نییە و هۆكارەكەیشی نە كەیسی هاشمیـیە و نە ناكۆكییەتی لەگەڵ سەرۆك بارزانیـدا، چونكە هەر بە پێكهێنانی ئەو حكوومەتەی ئێستا كێشەكان دروست بوون و هۆكارەكانیشی بۆ پابەندنەبوونی مالیكی دەگەڕێتەوە بە ڕێككەوتننامەی هەولێر كە ئەمەیش وای لە شەریكەكانی كرد بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ببنەوە و داوای سەندنەوەی متمانەی لێ بكەن.
ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر سیناریۆكەی جەعفەریـدا، چیرۆكی سیناریۆكە دووبارە دەبێتـەوە، چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی لابردنی جەعفەری بۆ ئەو كێشانە دەگەڕێتەوە، كە لەگەڵ كورددا هەیبوو. مالیكی هەمان ڕێگەی جەعفەریـی هەڵبژارد و دەستی كرد بە لێدوان دژ بە كورد كاتێك بەرانبەر بە كورد گوتی: “ئەگەر جەعفەری كورسیی خۆی كردە قوربانیی كەركووك، ئەوا من سەرم دەكەمە قوربانی.” كە ئەویش ئاماژەیەكە كە ئەو پیاوە هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە ماددەی 140ـی دەستوور نەبووە و ژێراوژێریش، بە تایبەتی لە كۆبوونەوە عەسكەرییەكانیدا هەڕەشەی لە كورد دەكرد وەك ئەوەی لە خانەقیندا ڕووی دا.
ئێستا ئێمە گەییشتووینە دواقۆناغی سیناریۆكە كە سەندنەوەی متمانەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا سەندنەوەی متمانە ئیستیحقاقێكی ئەخلاقی و سیاسییە یان نا؟
هەندێ لایەن پێیان وایە كە ئەم كارە زۆر ئەستەمە بە هەنجەتی ئەوەی كە گوایە مالیكی دەستی بەسەر هەموو دەسەڵاتەكاندا گرتووە و جەماوەرێكی زۆر لاگیری لە مانەوەی دەكەن و ئەگەر پڕۆسەكە سەر نەگرێ، لەوانەیە كاردانەوەی توندی لێ بكەوێتەوە.
بەڵام ئەوانە بە باوەڕی من كەوتوونەتە هەڵەیەكی گەورەوە، چونكە ئەوەی ئەوان دەیبینین، تەنیا ڕووخسارە و هەموو جارێكیش ئەو ڕووخسارە عەكسی واقیعەكە ناكات. ڕاستە ڕووخسارەكەی دەقاودەق وەكوو سەددام حوسێن نییە، بەڵام قەوارەی هەردووكیان هەر وەكوو ئەو قەوارەیە وایە كە لە پووش دروست كرابێ و بە باهۆزێك تێك دەچێت و شوێنەواریشی هەر نامێنێ.
بەڵێ متمانەسەندنەوە ئیستیحقاقێكی ئەخلاقی و سیاسییە، چونكە لە سیستەمی دیموكراسیدا كاتێ حكوومەت نەیتوانی بەڵێن و بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، دەست لە كار دەكێشێتەوە، یانیش پەرلەمان متمانەی لێ دەسەنێتەوە، كە ئەمیش تەقلید و عورفێكە و لە هەموو وڵاتانی دیموكراتدا پێڕۆ دەكرێت.
مالیكی نەك هەر نەیتوانی لەو شەش ساڵەدا بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵكوو نەیشیتوانی ئەو تەنگژە سیاسییە چارە بكات، كە ماوەیەكە دووچاری وڵات بووەتەوە، بۆیە متمانەسەندنەوەكە هەم ئیستیحقاقێكی سیاسییە و هەمیش ئەخلاقییە.
ئەخلاقییە، چونكە پابەندی ئەو بەڵێن و ڕێككەوتننامانە نەبوو كە ئیمزای كردبوون، سیاسیشە چونكە وڵات لە مەترسییەكان ڕزگار دەكات. بۆیە ئەمڕۆ مافی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئەو متمانەیەی لێ بسەنێتەوە و بوار بە حكوومەتێكی دیكە بدات كە توانای چارەكردنی ئەو تەنگژەیەی هەبێت، بە مەرجێك لەگەڵ هاتنەكایەی حكوومەتەوە چاودێرییەكی وردی كارەكانی بكرێت.
لەوانەیە دواقۆناغی سیناریۆكە هەر زۆر سەرسووڕهێنەر بێت و هەر وهک چۆن كاتی خۆی مالیكی دەنگی دژ بە جەعفەری دا، ئەوا ئەم جارە جەعفەری بە هەمان شێوە دەنگ دژ بە مالیكی دەدات. بە دووریشی نازانم ئەگەر فشاری دەرەوە نەبێت و مالیکی دڵنیا بكرێتەوە كە لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناكرێت بەرانبەر ئەو تاوانانەی كە ئەنجامی داون، وەك تاوانی زەرگە كە هیچی كەمتر نییە لە تاوانی دووجەیل كە سەددام حوسێنـی پێ لە سێدارە درا، هەر خودی مالیكی بەر لە سەندنەوەی متمانە لێی، دەست لە كار دهكێشێتەوە.




