باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا: هەموومان دەزانین دۆخی سەقامگیریی شنگال بەتەواوی پارێزراو نییە

ھەولێر-KDP.info- باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاند، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی بەغدا، ناسەقامگیریی ناوچەکە کۆتایی پێ بهێنن و چارەیەکی بنەڕەتیی بۆ شنگال و ناوچەکە بدۆزنەوە.
ئەمڕۆ، 3ـی ئابی 2024، تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، لە یادی ڕێوڕەسمی 10ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان گوتی: ئەمڕۆ من هاتوومەتە ئێرە بۆ پێشکەش کردنی وتارێک. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نەتوانراوە خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئیزدییەکان دابین بکرێت، لەوانە خزمەتگوزاری کارەبا، خوێندن و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکە.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق دەڵێت: بەشێک لە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، بەڵام هەموومان دەزانین کە دۆخی سەقامگیریی شنگال بەتەواوی پارێزراو نییە، بۆ ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە هەست بە ئازادی و مافەکانیان بکەن.
تۆماس زایلەر دەشڵێت: یەکێتیی ئەورووپا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، چارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو ناوچەیە بدۆزێتەوە، هەروەها داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ناسەقامگیریی ناوچەکە کۆتایی پێ بهێنن. داوا لە هەردوو حکوومەت دەکەم بە تایبەت حکوومەتی بەغدا، بۆ ئەوەی کار بکات بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، بە ناوچەکانی دەورووبەرییەوە.
تۆماس زایلەر ڕاشیگەیاند، "من هەست بە ئاماژەی ئەرێنی دەکەم سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی، بەڵام بەداخەوە تاکو ئیستا نەتوانراوە ئەو ناسەقامگیرییە کۆتایی پێ بهێنرێت. ئێمە لەم بارەیەوە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەردوو حکوومەت خستووەتە گەڕ، ئەو چارانەی دۆزراونەتەوە چارەی کورتخایەنن، پیویستە چارەی هەمیشەیی بکەن و ڕێگە بە ئاوارەکانی شەنگال و سەرجەم دانیشتوانی ناوچەکان بدەن، بگەڕێنەوە".




