سبەی یەکەم مینحەی سەرۆکی حکوومەت بەسەر ڕزگاربووانی دەستی داعش دابەش دەکرێت

شنگال-KDP.info- سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی یەکەم مینحەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش دابەش بکرێت و مینحەکەش مانگانە بەردەوام دەبێت بۆ ھەر ڕزگاربوویەک ١٥٠ ھەزار دینار دەبێت، ئەوانەی لە دەرەوەشن لێی سوودمەند دەبن.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش, سەعید جردۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا مینحەیەکی مانگانە بدرێتە ڕزگاربووانی دەستی داعش، بڕیارە سبەی یەکەم مینحە دەست بەدابەشکردنی بکرێت، کە ژمارەیان ٣ ھەزار و ٣٧٤ کەسە و لە پرێس کۆنفرانسێکیش وردەکاریەکان دەخەینەڕوو، چونکە ئەو مینحەیە پەیوەندی بەھیچ مووچە و سەرچاوەیەکی دارایی بۆ ڕزگاربووان نییە وەکو دیاریەکە بۆ ڕزگاربووان و بەپێی باشبوونی دۆخی دارایی مینحەکە زیاتریش دەکرێت و سبەی لە کۆمەڵگای شاریا دەستپێدەکرێت تا ھەمووان مینحەی خۆیان وەردەگرن.
سەعید جردۆ گوتیشی: ئەوانەی چوونەتە دەرەوەی وڵاتیش لینکێکی ئەلیکترۆنیان بۆ دەکرێتەوە و فۆرمێک پڕدەکەنەوە و ئەوانیش مانگانە مینحەکەیان بۆ ڕەوانە دەکرێت و ئەگەر ئەم مانگەش نەمان توانی کارەکانیان تەواو بکەین مانگی داھاتوو دوو مینحەیان پێکەوە پێدەدرێت.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ڕوونیشیکردەوە: مینحەکە سەرۆکی حکوومەت دابینی دەکات و بنکەی لاش سەرپەرشتی دابەشکردنی مینحەکە دەکات.
بڵند ئیبراھیم




