پێویستە جیهان بە مۆدێلێکی نوێ بەرەنگاری گرووپە تیرۆریستیەكان ببێتەوە

ئیتالیا-KDP.info- بەئامادەبوونی سەیوان بارزانی باڵیۆزی عێراقی فیدڕاڵ لە ئیتالیا (ڕۆما، ماڵتا، سەنمارینۆ) پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ دادپەروەری و سەروەری یاسا بەهەمەهەنگی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، له رۆژانی27،26،25ی 7، له ڤالێتای پایتەختی وڵاتی ماڵتا کۆنفرانسێکی به ناونیشانی باشترکردنی هەماهەنگی بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆریستانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانه بەیاسای نێودهوڵهتی بهڕێوهبرد.
لە کۆنفڕانسەدا باس لەدوا پێشهاتەکانی بەند و ماددەکانی یاسایی تیرۆر و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش کرا.
پەیمانگای نێودەوڵەتی دادپەروەری و سەرەوری یاسا ئامانجی ئەم کۆنفڕانسەیان راگەیاند کە داعش و گرووپە تیرۆرستییهكان لەنەشونمای نوێدان جیهان پێویستە بە مۆدێلێکی نوێ و ماددە و بڕگەی نوێی یاسایی بەرەنگاری ئەم گرووپە تیرۆریستیانە ببێتەوە کەهەڕەشە و مەترسی ڕاستەقینەن لەسەر ئارامی جیهان.
هاوكات لای خۆیهوه دكتۆر سەیوان بارزانی باڵیۆزی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ لە (ڕۆما ، سەنمارینۆ،ماڵتا) ئاماژەی بەگرنگی کۆنفڕانسەکە کرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی هۆشیاری دادوەرەکان و ئاگاداربوون لە بەند و ماددەکانی یاسا نێودەوڵەتیەکان بەرانبەر به تیرۆر و، ئەو پرسەی بەئانی وەسف کرد هیوای خواست دادگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سوود لەئەزمونی ئەورووپا و ئەمهریکا ببینن لەپرسی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و تاوانباراندا.
لای خۆشیەوە دادوەر محەمەد مستەفا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەرێمی کوردستان گووتی، ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش نموونەیەکی بەرچاوە جیهان ڕێزی لێدەگرێت.




