سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری لە بەرژوەندی کوردانی ئێزدی داوە
__2024_07_22_h20m1s53__RM.jpg)
شنگال -KDP.info- بەرپرسی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی لە ئێش و ئازاری کوردانی ئێزدی کردووەتە خاوەن و لە ماوەیەکی کەمدا چەندین بڕیاری لە بەرژوەندی کوردانی ئێزدی داوە.
بەرپرسی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، سەعید جردۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ماوەیەک لەمەوپێش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر چەندین پڕۆژە دا، یەکەم پڕۆژەش پشتگیری دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش بوو کە ژمارەیان ٣ھەزار و ٥٧٤ ڕزگاربوو بوو، بڕیارە پێش ساڵیادی کارەساتی شنگال دەست بە خەرج کردنی ھاوکاری دارایی بکرێت و مانگانە بۆ ھەر ڕزگاربوویەک ١٥٠ھەزار دینار دەبێت، ئەگەر دۆخی دارایی باشتر بێت ھاوکاریەکە زیاتریش دەکرێت.
بەرپرسی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گوتیشی: بڕیارە سەنتەرێکی چارەسەری جەستەیی و دەروونیش بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ھەر گرفتێکی تەندروستی و دەروونیان ھەبێت لەڕێگەی ئەو سەنتەرەوە چارەسەر بکرێت.
دەشڵێت: ھەر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی لەدەست داعش ڕزگارکراون و لەخوێندن دابڕابوون، جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بەر خوێندن، ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە لە خوێندنی خێرا وەردەگیرێن و ئەوانەی دەرچووی نۆی بنەڕەتیشن دەتوانن لە پەیمانگای حکوومی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بێ مەرج بخوێنن، ئەگەر نا لە پەیمانگای ئەھلی، حکوومەت سەرجەم تێچووی خوێندنیان لە ئەستۆ دەگرێت.
سەعید جردۆ باسی لەوەش کرد: ھەر بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماویەکی نزیک دەزگایەکی ڕاگەیاندنیش بۆ کوردانی ئێزدی دەکرێتەوە، بۆیە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی لە ھەموو ئێش و ئازاری کوردانی ئێزدی کردووەتە خاوەن.
بڵند ئیبراھیم




