٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە پابەند کراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لە بەرژەوەندی سوودمەندانی پرۆژەکانی قەرزی بچووک دەرکرد و بڕیاریدا لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20%ـی كۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووك دەردەكرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هاتووە: وەكو ئاشكرایە، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ڕۆژی چوارشەممە 27/3/2024، كۆمەڵێك بڕیاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەركرد، بەڵام سەرەڕای لێخۆشبوون لە هەندێك قەرزی وەكو ئاو، كارەبا، سزای هاتووچۆ و هتد. لای خۆمانەوە وەكو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ خزمەتی سودمەندانی سندووقی قەرزی بچووک، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی ڕاسپارد بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی تێر و تەسەل و بەزووترین ماوە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێشكەشی بكات و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، خۆشبەختانە دوای گەنگەشەكردنی بابەتی لێخۆشبوون لە سوودمەدانی قەرزی بچووك بڕیاری لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە كۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك دەركرا.

بەپێی فەرمانەکە کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزای کردووە، تێیدا هاتووە: بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی قەرزی بچووک.

لە خاڵێکی دیکەی فەرمانەکەدا هاتووە: ڕاسپاردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی قەرزی بچووک کە پرۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بە هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان، بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

هەروەها لە خاڵی سێیەم و چوارەمدا هاتووە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوونەکە دەردەکات و هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بە جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە پابەند کراون.

هەواڵی پەیوەندیدار