٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵیش ھەنگوینی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو ھەنگاوی زۆر گرینگی بۆ ھەنگەوانانی کوردستان ناوە، یەکەم بازاڕی لە دەرەوە بۆ دۆزینەوە و دووەمیش بە نرخێکی گرانتر ھەنگوینی ھەرێم دەفرۆشرێت، ئەمەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بەخێوکردنی ھەنگ بکەن.


عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکوومەت، گرنگیی زۆر بە بەرھەمی ناوخۆ دەدەن، بە تایبەت دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان و خۆشبەختانە ئێستا لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ساڵی ڕابردووش وڵاتی قەتەر ھەنگوینی ھەرێمی کوردستانی کڕی، کە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بە ناوی خۆیان دەیانفرۆشت و بە هەرزانتر لە ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستانیان دەکڕی، بەڵام ساڵی ڕابردوو ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان بە ناو و لۆگۆی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی دەرەوە کرا بە نرخێکی گرانتر، کە پێشتر نرخی کیلۆیەک ھەنگوین بە ٢٠ هەزار دینار بە کۆ لە ھەنگەوانان دەیانکڕی و ساڵی ڕابردوو بە ٢٥ هەزار دینار فرۆشرا، ئەمەش وای کرد ھەنگەوان ھان بدرێت و ئەمساڵ ئامادەکاریی باشتر بکرێت و خەڵکێکی زیاتر ڕوو لە بەخێوکردنی ھەنگ بکات، بۆیە ئەمساڵیش بەرەو پێگەیشتنی بەرھەمی ھەنگوین دەچین و بە تەواوی خۆمان ئامادە کردووە و ئەگەر گرفتمان بۆ دروست نەبێت، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ھەنگوین زۆر باش بێت".


شێروانی گوتیشی: "ساڵی رابردوو ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٥٠ تۆن بوو و ئێمە بۆ پێداویستیی ناوخۆ پێوستمان بە ٥٢٥ تۆن ھەیە، ئەمەی ئێمە باسی دەکەین ھەنگوینی سرووشتییە و ١٠٠% جێگەی متمانەیە، ئەگەرنا ھەنگوینی ساختە و شەکری تێدا بێ ڕەنگە زۆر بێت، بەڵام ئەوەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین ھەنگوینی سرووشتی و بەرھەمی کوێستانەکانی ھەرێمی کوردستانە و خواستێکی زۆری لەسەرە لە دەرەوەی وڵات و لە بازاڕەکانی کەنداو، لەبەر ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان زۆر حەزیان لە خواردنی ھەنگوین نییە و لە دەرەوە زیاتر خواستی لەسەرە، بۆیە زیاتر ھەناردەی دەرەوە دەکرێت".


ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بەو شێوەی ئێستا ئێمە ئامادەکاریمان بۆ کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ھەنگوین بەرھەمی لە ھەموو ساڵێک زیاتر بێت، بەڵام زۆر جار لە ناوچە سنوورییەکانیش لەلایەن پەکەکەوە کێشەمان بۆ دروست دەکرێت، بۆیە ئەو خواستەی لەسەر ھەنگوینی ئێمە ھەیە، بە ھۆی کوێستانەکانەوەیە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاریی تەواومان بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین ھەنگوینی سرووشتی بەرھەم بهێنین، چونکە ماوەیەک پێش ئێستا رێگرییەک ھەبوو لە گواستنەوەی ھەنگەکانمان بۆ کوێستانەکان، بەڵام ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر ھاوکاریی ئێمە دەکەن و کێشەکەیان چارەسەر کرد، بۆیە داوا دەکەین لە رێگەی ماڵپەڕی ئێوەوە حکوومەت زیاتر ھاوکار بێت و گرفتمان بۆ دروست نەبێت".


دەشڵێت: "ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەنگوین و زیاتریش بازاڕی ھەنگوین لە ئیماراتە و لەوێ بەرھەمی ھەنگوین ساخ دەکرێتەوە و ھەموو جیھان ڕووی تێدەکات و بازاڕێکی تایبەت بە ساخکردنەوەی بەرھەمی ھەنگوین ھەیە بەناوی گوندی جیھانیی دوبەی لە نێوان دوبەی و ئەبوزەبی، بۆیە ئەمساڵیش خۆمان باش ئامادە کردووە و ھەنگوین بۆ ئەو بازاڕە رەوانە دەکەین، تا نرخی زیاتر بە ھەنگوینی ئێمە بدات، بەڵام ئەوەی گرنگە بازاڕ بۆ ھەنگوینی ھەرێم لەلایەن حکوومەتەوە دۆزراوەتەوە و بە ناوی کوردستانەوە رەوانە دەکرێت، ئەمەش وای کردووە ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بەخێوکردنی ھەنگ بکەن و بڕیارە کۆتایی ئەمساڵیش سەرژمێرییەک بکەین بزانین لە ھەرێم چەند ھەنگەوان و کوورەی ھەنگ لە ھەرێمی کوردستان ھەن".


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار