پشتیوان سادق: دڵنیاتان دەکەمەوە کوردستان ئاییندەیەکی زۆر گەشی ھەیە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٩ی٥ی٢٠٢٤، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، لە گوتارێکدا لە شاری ھەولێر، باسی لە دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، مووچەی فەرمانبەران و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
لەبارەی گرنگیی پێگە دیبلۆماسییەکەی ھەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق گوتی: "سەرۆک و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کە دەچنە وڵاتان لە ئاستی سەرۆکایەتییەکان پێشوازییان لێ دەکرێت، لە ھەمان کاتدا، سەرۆک و گەورە بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان بەردەوام سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە کوردستان ئاییندەیەکی زۆر گەشی ھەیە".
پشتیوان سادق باسی لەوەکرد: "ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسی و دەستوورییە، ھیچ ھێزێک لە جیھاندا نییە بتوانێت ئەم ھەرێمە جوانەمان لەناو ببات یان لاوازی بکات، کێشەمان دەبێت، بەڵام لە دەرئەنجامدا دەبێت ئێمە ھەر سەربکەوین".
بە گوتەی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، ئەو لایەنانەی ئێستا دەسەڵاتیان لە عێراق گرتووەتە دەست، "بەداخەوە بڕوایان بە دەستوور نییە، دەبووایە ئەوان نموونەیەکی زۆر جوانتر لە پێشوو پێشکەشی عێراق بکەن بۆ ئەوەی خەڵک بڕوای بە ئاییندەی خۆی ھەبێت و چی دیکە بیر لە بەجێھێشتنی وڵات نەکاتەوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، پشتیوان سادق ئەوەی خستەڕوو: "بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەر شانی بووە بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق بە زیادەوە کردوویەتی، ئێستا چاوەڕێ دەکەین بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن".
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەوە کردووەتە پێویستە ئێمە دەرفەتی کار بۆ گەنجانمان برەخسێنین، ئێمەش کاتێک دەتوانین دەرفەتی کاریان بۆ برەخسێنین ئەو کاتەی گەنجانمان گرنگی بە تواناکانی خۆیان دەدەن".




