٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڵند محەمەد: دوای بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنی دۆلار بە ١٣٢ ھەزار بە گەشتیاران دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئاشکرایکرد، لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دراو لە ھەرێمی کوردستان بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنی بکەن و دەڵێ: دوای بەشداری کۆمپانیاکان دۆلار بەنرخی فەرمیی دەدرێتە گەشتیاران.

بڵند محەمەد مەولود، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ھەرێمی کوردستان ٦٠٠ کۆمپانیای بواری دراو تۆمارکراون و تا ئێستا ھیچ کۆمپانیایەک بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنی نەکردووە، بەڵام ئێمە چوار جار سەردانی بەغدامان کردووە و لەگەڵ بانکی ناوەندی کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دراو لە ھەرێم بەشداربن لە سەکۆی لە ئەلیکترۆنی و ھەنگاوی باشمان ناوە، بەڵام ھێشتا کارکردن ماوە، چونکە بانکی ناوەندی چەند مەرجێکی بۆ کۆمپانیاکان هەیە، بۆ نموونە، پێویستە ناوی کۆمپانیاکان بە کوردی و عەرەبی بێت و ئەوانەی ناویان بە ئینگلیزییە دەبێت چار بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان گوتیشی: کۆمپانیاکان بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەکرێن، دواتر مۆڵەتی فەرمیی وەردەگرن، بۆ ئەوەی بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنی بکەن، ئێستا گرووپی ئەی (٦٠ کۆمپانیا) بەشدارن و ڕێکارەکانیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنی بکەن، بەڵام مۆڵەتی ئەمنی لە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن ئینجا ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی دەگرنە بەر.
بڵند محەمەد مەولود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەشداری کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان لە سەکۆی ئەلیکترۆنی کاریگەری لەسەر بواری دراو دەبێت لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی دراو لە فڕۆکەخانە و شوێنە گشتییەکان لقیان دەبێت و دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بە ١٣٢ ھەزار دینار بدەنە گەشتیاران، ھەروەھا دەتوانن وەکو بانک مامەڵە بەڕێوەببەن لە کاتی گواستنەوەی پارە بۆ بانک و کۆمپانیاکانی دەرەوە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار