٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشتیوان سادق: ھەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو پێش دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کادیری پەروەردەیی لە سنووری پەروەردەی شەقڵاوە و دەشتی ھەولێر و خەبات و مەخموور کۆبووەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٦-٤-٢٠٢٤، بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق و بە ئامادەبوونی چیا ھەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و بایز زراری ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک کادیری پەروەردەیی لە سنووری پەروەردەی شەقڵاوە و دەشتی ھەولێر و خەبات و مەخموور کۆبووەوە.

لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق بە گرنگ و پڕ بایەخەوە باسی لە ڕۆڵ و پێگە و کاریگەری مامۆستایان لە کۆمەڵگا و سەرجەم قۆناغەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان کرد. 

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، ڕایگەیاند حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە ئەولەوییەتی کارەکانی بایەخدان بووە بە سێکتەری پەروەردە. 

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان ئاماژەی بەوەکرد، ئەم قەوارە دەستوورییەی ھەرێمی کوردستان، بە خەبات و خوێنی ھەزاران شەھید ھاتۆتە بەرھەم، زۆر ھەوڵی ناوخۆی و عێراقی ھەبووە، کە سەرجەم سێکتەرەکان پەکبخەن و قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن یاخود ھەر نەیھێڵن، بەڵام دڵنیابن تاوەکو ڕێبەر و سەرکردەمان جەنابی (سەرۆک بارزانی)بێت، ئەم قەوارە دەستووری و یاساییە ھەر بەھێز و بە ئارامی و ھێمنی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەمێنێتەوە. 

لە بەشێکی تری پەیڤەکەیدا، دکتۆر پشتیوان ڕایگەیاند، خۆڕاگری ڕێزدار ( مەسروور بارزانی) لەسەر سازش نەکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، وایکردووە ھەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و ئەمن و ئاسایش و ئارامی تێدا زیاتر بەرقەراربووە و لە ڕووی پەیوەندییە دیپڵۆماسی و سیاسی و نێودەوڵەتیەکانیش بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆییەوە بینیووە. 

بەھێزکردنی ھەستی کوردپەروەری و نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خاک و رێزگرتن لە بەھا باڵاکانی وڵات ئەرکی ھەموومانە.

هەواڵی پەیوەندیدار