ئەمشەو شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکات

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ئاشکرایکر، بڕیارە ئەمشەو شاندێکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دروستکردنی ھەژماری من سەردانی بەغدا بکات و دەڵێ: ھەرێم چاوەڕێی ناردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە بەغدا گلی داوەتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە شاندی پڕۆژەی ھەژماری منە ئەمشەو سەردانی بەغدا بکەن و لەبارەی پڕۆژەی ھەژماری من لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دانوستان بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان دەیەوێ کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکات و پڕۆژەی ھەژماری من بۆ لایەنی بەغدا ڕوون بکاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: پێشتر بڕیاربوو شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە دیار نییە و نازانرێت کەی سەردانەکە دەکرێت یاخود ھەر ناکرێت.
پەیوەست بە پرسی مووچە سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەغدا مووچەی بەشێکی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ناردووە و مووچەی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکانی گلداوەتەوە، ئێستا ھەرێم چاوەڕێی ناردنی مووچەی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکانە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات.
قائید میرۆ




