٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەندامێکی لیژنەی نەوت: ئەم ھەموو بیانوو گرتنە تەنیا بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، مەبەستی بەغدا تەنیا لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە لە ھێنانەوەی ئەو ھەموو بیانووە، دەشڵێ: ھەرێمی کوردستان ھەموو داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێکردووە، ئەوەی ماوەتەوە تەسلیم بوونە بە ھەندێ ئەجێندا.

کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەوەی بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەیکات شەڕی بە وەکالەتە، چونکە پێشتر ھەرچی داواکاری حکوومەتی فیدڕاڵ ھەبوو ھەرێمی کوردستان جێبەجێی کردووە کەچی ھێشتا ئامادە نین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، کۆتا داواکارییان ڕادەست کردنی لیستی فەرمانبەران بوو ئەویش جێبەجێ کرا، بەڵام ئێستا بیانوو بە ژمارەی بانکی دێننەوە کەچی ھەژماری من زۆر باشتر و پێشکەوتووترە لەوەی عێراق.

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز دەڵێت: هەر چەندی ھەرێمی کوردستان بچێتە ژێر داواکارییەکانی بەغدا ڕۆژ بەڕۆژ داوکارییەکانیان بەرز دەبێتەوە، نیەتێکی خراپیان ھەیە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان و دەیانەوێ ھەموو مەلەفەکان لەژێر دەستی ھەرێم دەربێنن و وەک خۆیان بەڕێیوەببەن.

کاڤین شێخ سەعید ئاماژەی بۆ  ئەوە کرد: لەم ھەموو بیانوو گرتنە بە ھەرێمی کوردستان تەنیا یەک مەبەستیان ھەیە ئەویش لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، ئێمە جگە لە مووچە کێشەی ترمان زۆر کەمە لەھەرێمی کوردستان، بەڵام لە عێراق جگە لە مووچە شارەکانیان وێرانەیە شارێکی وەک بەغدا کە پایتەختی ئابووری عێراقە وێرانەیە، لە دروستکردنی ڕەوشێکی خراپ بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تەنیا مەبەستیان ئەوەیە پارتی و کورد تەسلیمی ھەندێ ئەجێندابن کە پارتی تەسلیم نابێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار