٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گرێدراوە بە ئەنجامی کۆبوونەوەی داھاتووی بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک _KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: بڕیارە لە ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەی لایەنەکان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا بەڕێوە بچێت، دوای ئەو کۆبوونەوەیە دیار دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کەی کۆدەبێتەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا بگەنە ڕێککەوتن.

حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گرێدراوە بە کۆبوونەوەی داھاتووی لایەنەکان کە بڕیارە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ٣/٣/٢٠٢٤ لە بەغدا بەڕێوە بچێت و تەواوکەری کۆبوونەوەی یەکەمە، نوێنەری ئێمە ڕێبەر ئەحمەد و دکتۆر شاخەوان تێیدا بەشداربوون، بۆیە دوای ئەو کۆبوونەوەیە دیار دەبێت ئەنجوومەن کەی کۆدەبێتەوە، چونکە داواکراوە ھەر لایەنێک داواکاری خۆی ئامادەبکات و لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بگەنە ڕێککەوتن، بۆیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی داھاتوو دەکەین.
حەسەن شێخانی گوتیشی: لە ماوەی ڕابردوو بەھۆی ئامادەنەبوونی عەرەب و تورکمان نەتواندرا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت، ئێستا ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە دەسەڵاتی پارێزگار نەماوە و بەتەمەنترین ئەندام کۆبوونەوەی داھاتوو بەڕێوە دەبات، بۆیە جارێ نەکەوتووینەتە بۆشایی یاسایی، ئەگەر کۆبوونەوەی داھاتوو بکرێت ئەو کات ئێمەش کۆدەبینەوە، چونکە چاوەڕێ دەکرێت لە ھەفتەی داھاتوو لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.
شێخانی باسی لەوەش کرد: ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکات ڕێککەوتن کراوە بۆ من بڕواکراو نییە، چونکە ڕێککەوتن لە کۆبوونەوەی داھاتوو دەکرێت، ھەر ڕێککەوتنێک باس بکرێت دەنگۆیە، چونکە کۆبوونەوەی لایەنەکان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوپرسە یەکلایی دەکەنەوە.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار