پرۆفیسۆر خالید حەیدەر: پێویستە بەغدا پابەندی یاسای بودجەبێت بۆ ناردنی پشکی ھەرێم

پرۆفیسۆر خالید حەیدەر، پسپۆری ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە یاسای بودجەدا پشکی ھەرێمی کوردستان دیارکراوە و پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ پابەندی یاسابێت، ھەر ئاستەنگێک دروست بکرێت بۆ داخستنی ناردنی پشکی ھەرێم تەنیا دەچێتە چوارچێوەی بیانووی نایاسایی، چونکە ئەگەر یاسای بودجەش وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت لە عێراق ئەوە دەتوانن مانگانە گوژمەیەک پارە بدەنە ھەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەی ژمێریاری کۆتایی بۆ بودجە دەکرێت.
ئەو پسپۆرەی ئابووری پێی وایە: داواکردنی لیستی فەرمانبەران ڕێکارێکی یاساییە، بەڵام حکوومەتی عێراق مانگێکە داوای لیستی فەرمانبەرانی لە ھەرێم کردووە، دەبوایە ساڵی ڕابردوو کاتێک ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا ئەو ڕێکارانە بگیرابانەبەر تا ئەمڕۆ کێشە بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دروست نەکرێت.
پرۆفیسۆر خالید حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: وەک کەسێکی شارەزا چاوەڕێی ھەمواری یاسای بودجەی عێراق دەکەین تا بزانین لەدوای ھەموارەکە بەغدا چەند پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەردوو حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ھەمواری یاسای بودجە و کۆتایی ھێنان بە کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ




