د.کاوە عەبدولعەزیز: ئەمساڵ فەرمانبەران لەڕێگەی بانکەوە مووچە وەردەگرن

مامۆستایەکی زانکۆ پێیوایە ھەژماری من دەبێتە ھۆی ڕێکخستنەوەی مووچە لە ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ئەمساڵ فەرمانبەران بە سیستەمی بانکی مووچە وەردەگرن و دەبنە خاوەن ھەژماری بانکیی خۆیان کە سیستەمێکی پێشکەوتووی جیھانییە.
د.کاوە عەبدولعەزیز، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دروستکردنی ھەژماری من چەندین کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێکخستنەوەی مووچە، چونکە بە سیستەمی بانکیی مانگانە فەرمانبەران و خانەنشینان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی مووچە و ئەو سیستەمە کلاسیکییەی پێشوو نامێنێ، لەڕووی زانستی دارایی و ئابووری دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەوە چەندین سوودی ھەیە، لەوانەش فەرمانبەر دەتوانێت بەپێی پێویستی خۆی مووچە ڕاکێشێ و پارەی مووچە لە لە ناوچوون ڕزگار دەبێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: ئێستا ٣٠٠ھەزار فەرمانبەر بونەتە خاوەنی ھەژماری من و پرۆسەکەش تا دوو ساڵ کۆتایی دێت، ئەمساڵ ھەژماری من کاری پێدەکرێت، ئەو فەرمانبەرانەی کارتی ھەژماری منیان وەرگرتوە دەتوانن لەڕێگەی بانکەوە مووچە وەربگرن.
د.کاوە عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: یەکێک لە خاڵە زۆر کاریگەرەکانی سیستەمی ھەژماری من دانانی ئامێری (ATM)ە لە شوێنە گشتییەکان، ئێستا حکوومەت دەستی کردوە بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری ئەو ئامێرانە بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو بانکانەی بەشدارن مووچە لەڕێگەی ئەو ئامێرانەوە دابەش بکرێت، ئامێری بچووکتریش لە مارکێت و بازاڕ و شوێنەکانی بازرگانی جێگیر دەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست ھاووڵاتییان سوودمەندبن لە ڕاکێشانی پارە.
قائید میرۆ




