رەحمان خانی: ژمارەیەک بەنداو سەرڕێژ بوونە

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و کۆگاکردنی ئاو ڕایگەیاند: بەهۆی بارینی بارانی ئەمساڵ ژمارەیەک بەنداو سەرڕێژیان کردووە، لە دوو ساڵی داهاتووش شەش بەنداو تەواو دەکرێن.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بنداوەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەهۆی بارانی ئەمساڵ ژمارەیەک بەنداو سەرڕێژ بوونە و بەنداوەکانی خنس دێوانە و سماقولی لەگەڵ بەنداوەکانی ئاوەسپی و چەمی سمۆر سەرڕێژیان کردووە، ئەمساڵ ئاوی کۆگاکراو گەیشتووەتە سێ ملیار مەتر سێجا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان ڕوونیکردەوە: ئەمساڵ بەنداوی گۆمەسپان تەواو دەبێت، بۆ دوو ساڵی داهاتووش شەش بەنداو لە هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێن و کۆتایی بە کارەکانیان دێت.
ڕەحمان خانی گوتیشی: دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەرییان لەسەر کەرتی ئاو هەیە لە هەرێمی کوردستان، بە تەواوبوونی بەنداوە بچووک و گەورەکان ڕێژەیەکی زۆر ئاو گلدەدرێتەوە کە سوودی بۆ ئاوی ژێر زەوی و کشتوکاڵ و گەشتیاری دەبێت.
قائید میرۆ




