٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێگای (باعەدرێ.دھۆک) دەکرێتە دووساید

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک _KDP.info_ جێگری پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە دراوە بۆ پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: ڕێگای سەرەکی ھەولێر بۆ دھۆک لە ئۆڤەر پاسی باعەدرێ تا سەنتەری شاری دھۆک دەکرێتە دوو ساید.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕەزامەندی لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە دراوە ئەمساڵ لە دھۆک جێبەجێ بکرێن، لەوانەش دروستکردنی ژمارەیەک یاریگای وەرزشی لە شیلادزێ و یاریگایەک لە قەزای سێمێل، ھەروەها پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ ئەمسالە دەچێتە بواری جێ بەجێکردن لەگەل چەندین پڕۆژەی دیکەی گەشتیاری و ڕێگاوبان و پەروەردە و تەندروستی.

جێگری پارێزگاری دھۆک دەڵێت: پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردن ئەویش پڕۆژەی ڕێگای سەرەکی دھۆکە لە ناحیەی باعەدرێ تا سەنتەری شاری دھۆک، بڕیارە پرۆژەکە لە ئۆڤەرپاسی باعەدرێ تا بازگەی ئێتوت لەسەرەتای جووتسایدی دھۆک بکرێتە دوو ساید، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جدییە لە ئەنجامدانی و پڕۆژەکە لە قۆناغی دیزایندایە و بەشێوەیەکی ستاندەرد جێبەجێ دەکرێت.

ماجد سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ستراتیژی ھەیە لە کەرتی ڕێگاوبان لەبەر ئەوەیش بڕیارە ڕێگای سەرەکی نێوان ھەموو قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای دھۆک بکرێنە دووساید، بە بەجێگەیاندنی ئەو پڕۆژانەی ڕێگاوبان پارێزگاکە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی و کاریگەری لەسەر بواری ھاتوچۆش دەبێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار