گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان: لە ڕۆژانی داھاتوو ١٧٢ ڕوفاتی گەرمیان بەخاک دەسپێردرێن
__2024_01_14_h16m44s12__ER.jpg)
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕوفاتی ١٧٢ ھاووڵاتیی کورد گەیندراونەتە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەخاک بسپێردرێن.
عادل حەمە ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕۆژانی ڕابردوو ڕوفاتی ١٧٢ ئەنفالکراوی کورد گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان، ئێستا ڕوفاتەکان لە ھەرێمی کوردستانن، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو لە مەراسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم و عێراق ئەسپاردەی خاک بکرێن لە دەڤەری چەمچەماڵ.
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت: لە زێدی خۆیان ١٧٢ گۆڕ ئامادەکراون بۆ ئەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان لە شوێنی خۆیان بەخاک بسپێردرێن و ھەمووشیان خەڵکی دەڤەری گەرمیانن و لە کارەساتی بەدناوی ئەنفال لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زیندەبەچاڵ کراون.
عادل حەمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێشتر ڕوفاتەکان لە بیابیانەکانی عێراق لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزراونەتەوە و دوای جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ھێنانەوەی ڕوفاتەکان گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ




