٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان دانوستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بە فەرمیی دەستپێدەکات

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک گوتی: بڕیارە ھەفتەی داھاتوو دوای یەکلاییکردنەوەی ئەو تانانەی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان درابوو دانوستانەکان بەفەرمیی لە نێوان لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دەستپێبکات.


سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن شێخانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تانەمان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن داوە و چاوەڕێی ئەنجامی تانەکان دەکەین، دواتر ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن ھەبێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، جارێ ئەنجامی کۆتایی ماوە و پێویستە تانەکان یەکلایی بکرێنەوە ئەوکات دەبێتە ئەنجامی فەرمیی.
حەسەن شێخانی گوتیشی: ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دەرگامان ھەمیشە واڵایە و کار دەکەین بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی دڵسۆز ببێتە پارێزگاری کەرکووک و خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوە و چین و توێژەکان و ئاین و ئاینزاکان لە کەرکووک بکات، بۆیە ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی تانەکان دیار دەبێت ئەوکات گفتوگۆکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی بە فەرمیی دەستپێدەکات.
شێخانی باسی لەوەش کرد: ئێمە تانەمان لەو داتایانە داوە کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕاگەیەندراوە لەبەر ئەوەی گومانمان لە دەنگەکانی خۆمان ھەیە و پێمان وایە ئەمانە دەنگی ڕاستەقینەی ئێمە نین و دەنگی ئێمە زیاترە، بۆیە تانەمان لە ئەنجامەکان داوە و چاوەڕێ دەکەین وەڵامی تانەکانمان بەفەرمیی بدرێتەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار