پارتی: ئێمە دەرگامان واڵایە و بە شێوەیەکی فەرمیش دەست بە دانوستان دەکەین

نەینەوا-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا ئاشکرای کرد، بە شێوەی نافەرمی دانوستان ھەیە بۆ پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و دەشڵێ، گومانیان لە رێژەی بەشداریی ھەڵبژاردن ھەیە، بەڵام خۆیان بە شەریکی بەڕێوەبردنی نەینەواش دەزانن.
نازم کەبیر، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمە لە پارێزگای نەینەوا گومانمان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەیە، گومانەکەش لەوەوە ھاتووە، کە تا دوو کاتژمێر پێش کۆتاییھاتنی پرۆسەی دەنگدان، پەیوەندیمان بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەوە کرد، پێیان راگەیاندین کە رێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردن ٣٠% بووە، بەڵام دوو کاتژمێری کۆتایی، رێژەکە زۆر بەرز بووەتەوە و بەگومانین لە رێژەی بەشداریی دەنگدەران".
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "سەرەڕای تێبینییەکانمان لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، پارتی ھەر ھێزی یەکەمی پارێزگای نەینەوا ماوەتەوە و ھیچ حزبێکی سیاسی بە بێ ھاوپەیمانی، دەنگی لە پارتی زیاتر نییە، ژمارەی دەنگەکانیشمان زیادی کردووە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو، لەبەر ئەوەش ئێمە خۆمان بە شەریکی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە دەزانین، دەمانەوێ خزمەتی خەڵکی نەینەوا بکەین و بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی پارێزگاکەدا".
کەبیر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پارتی پێگەیەکی مێژوویی و بەھێزی لە نەینەوا هەیە و ئەستەمە بە بێ پارتی ھیچ لایەنێک بتوانێت ئیدارەی پارێزگاکە بەڕێوە ببات و پارێزگار بە بێ پارتی دیاری بکرێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگامان واڵایە بە ڕووی ھەموو کوتلە و ھێزەکان بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی و رێککەوتن، بە شێوەی نافەرمییش دانوستان ھەیە لەبارەی پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و داواکارییش ھەن بۆ پارتی تا بگەینە رێککەوتن، لە ماوەکانی داھاتوودا بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە دانوستان دەکەین بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی نەینەوا و دیاریکردنی پارێزگار".
قائید میرۆ




