٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دەستە بۆ KDP: ئازادیەکان و مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێم لەسەرەوەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٤٠٠ سکاڵا تۆمارکراوە، ھەروەھا سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت ھاوکاری جدییمانن لە چارەسەرکردنی کێشەکان، ھاوکات ئازادی تاک و مافی مرۆڤ بەراورد بە عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە.

مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت دا، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٤٠٠ سکاڵا لە دەستە و نووسینگەکان تۆمارکراوە، ھەروەھا زۆربەی کەیسەکان ئەگەر چارەسەریش نەکرابێت ئەوەی لە توانامان بووە کردوومانە، وەک ھاوکاری لەڕێگای پەیوەندییە شەخسییەکانەوە، یاخود تەنسیق کردن لەگەڵ سەرۆکایەتیەکانی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بۆ ئەوەی چارەسەر بدۆزینەوە، ئه‌وه‌ی گرینگیشە متمانەیەکی زۆر بە دەستەکەمان پەیدا بووە، ئەو کەسانەی سکاڵایان ھەبێت پێوەندییمان پێوە دەکەن لە ڕێگەی وەتس ئەپەوە، ھەرکەسێک زوڵمی لێکرابێت بە ڕژدی ھاوکاری دەکەین، بەبێ بیرکردنەوە لە ئینتیمای سیاسیی و ئایین و نەتەوە".

مونا یاقۆ گوتیشی: "دەتوانین بڵین ھۆشیاری تاک بە مافەکانیان بەرز بووەتەوە، لە ھەر کۆمەڵگایەکیش ھاووڵاتیان وشیار بوون ئەوە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتیش گرنگی بە ماف و ئازادییەکانیان دەدات و کاری ڕژدیش دەکرێت پێشێلکاریەکان کەم بکرێنەوە، لە نێوان ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەبینین زۆرێک لە بابەتەکان باشتر بووە".

یاقۆ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئازادیەکان بەراورد بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئاستی ئازادیەکان و مافی مرۆڤ لەسەرەوەیە، بەڵام ھێشتا لە جێگای تموحی ئێمەدا نییە، کار بۆ ئەوە دەکەین کوردستان ببێتە نموونەیه‌كی دره‌وشاوه‌".

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ئێستادا ١٠ نووسینگەمان ھەیە و ڕەزامەندیشمان وەرگرتووە بۆ کردنەوەی نووسینگەی ھەولێر، لە نووسینگەکانمان کەسانی پسپۆر و بەتوانامان ھەیە، بە دواداچوون بۆ کێشەکان دەکەن و ڕاپۆرتیان لەسەر بەرز دەکەینەوە و چارەسەر و ھۆکار دیاری دەکەن".

مونا یاقۆ دەشڵێ: "توانیومانە بە ھاوکاری بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان، پێشینەی نووسینگەکانمان باشتر بکەین و ئێستا نووسنگەکانمان کاری باشتر دەکەن، لە چەندان بواری تریش ھاوکارمان بوون، لە زۆر بواری تریش ئەنجوومەنی وەزیران ھاوکارمانن".

ناوبراو ھێمای بۆ ئەوەکرد: "سوپاس بۆ خوای گەورە، لە ساڵی ٢٠٢٣ کاری باشمان ئەنجامداوە، لە دانانی سیستەمی وەرگرتنی سکاڵا بە شێوەی ئۆنلاین و ھێڵی گەرمی بە ژمارەی ٥١٥١، ئەنجامدانی ٤٥٠ سیمینار بۆ نووسینگەکانمان بە ھاوکاری یوئێن، لەگەڵ کردنەوەی ھۆبەی پاراستنی منداڵ و کاری ھاوبەش لەگەڵ ڕێکخراو و قوتابخانەکان و ئەنجامدانی ١١ توێژینەوە، ھاوکات وەک دەستە ئامادە دەبین لە دادگاکان و ڕاپۆرت بەرز دەکەینەوە، زۆرجار لە ناوەندە بیانییەکان لەو بابەتەوە پرسیارم لێکراوە، بە ڕژدی بە دواداچوون بۆ کەیسەکان دەکەین، بۆ ڕای گشتی و ناوەندەکانی بیانی بڵاوی دەکەینەوە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار