٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە پێشوازیی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا کرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا کرد و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێکرد.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ بیار شیل، سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد."

ئاماژە بەوە دراوە: "لەدیدارێکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەبوون، هەماهەنگیی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سوپای فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس بەتایبەت کە یەکەیەکی تایبەتی هێزەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا ئامادەییان هەیە و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا بەردەوامی هەیە، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی وڵاتی فەرەنسای کرد بۆ هاوکاری بەردەوامیان بەتایبەت لەکاتی شەڕی دژی داعش و ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕوویی زانیاری هەواڵگرییەوە، هاوکات سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆڵی فەرەنسای لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە بەرزنرخاند و داوای کرد وڵاتی فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕوویی مەشق و ڕاهێنان و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەت بەردەوام بێت."

ئەوەش خراوەتە روو: "لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا، سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و ڕۆڵی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی داعش بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."

وەزارەتی پێشمەرگە راشی گەیاندووە: "لە کۆتایی ئەو دیدارەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا دووپات لەگرنگی بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری وهەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار