گوهدار شێخۆ: قۆناغی یەكەم لە ئەمڕۆوە دەستی پێكرد و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت

زاخۆ-KDP.info- سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی ڕاسپاردووە گرنگیی بە هەموو كەرتەكانی ژیان و بەتایبەت زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بدرێت، لەم چوارچێوەدا ئیدارەی زاخۆ هەڵمەتی ڕوواندنی یەك ملیۆن نەمامی لە دەڤەرەكەدا راگەیاند.
ئەمڕۆ هەڵمەتی چاندنی یەك ملیۆن نەمام لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیەنرا كە بە چەند قۆناغێك ئەو دەڤەرە سەوز دەكرێت.
گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێكی تایبەتە بۆ من و دەڤەری زاخۆش، چونكە ئەو بیرۆكەیە كەوتە كار كە دەڤەری زاخۆ بە یەك ملیۆن نەمام سەوز دەكەین.
هەڵمەتی چاندنی یەك ملیۆن نەمامەكە لە چەند قۆناغێك پێكدێت. گوهدار شێخۆ گوتی، "قۆناغی یەكەم لە ئەمڕۆوە دەستی پێ كردووە و 100 هەزار نەمام ئامادەن و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەچێنرێن. لە قۆناغی دووەمیشدا سەتان هەزار نەمامی تر دەچێنرێن كە لەوانەیە بكەوێتە دوای جەژنی نەورۆز، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت تا یەك ملیۆن نەمامەكە بچێنین".
بەگوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، وەك هەموو شوێنەكانی تری دنیا و زاخۆیش رووبەڕووی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بووەتەوە. پێشتر رووبەری سەوزایی لە زاخۆ وەك پێویست نەبوو، وێڕای ئەوەی رۆژانە لە سنووری ئیدارەكە نەمام دەچێنین و پارك دروست دەكەین، ویستمان لە هەڵمەتێكدا یەك ملیۆن نەمام لە سنووری شارەكە بچێنین".
ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لە كێشەكانی كەشوهەوا و پیسنەبوونی ژینگەی كوردستان، دێتە هەژمار.




