بەرپرسێکی پارتی: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی بەھێز لە کەرکووک دروست بێت

کەرکووک_KDP.info_ ئەندامێکی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارتی و کەرکووک دووانەیەکن و ھەرگیز لەیەکتر جیاناکرێنەوە، بۆیە ھەوڵدەدەین ئیدارەیەکی بەھێزی مەدەنی لە کەرکووک دروست بکرێت بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە کەرکووک بەردەوام بێت، ھەر ئەمەش وای کردووە خەڵک پشتگیری لە پارتی بکات و دڵخۆش بێت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک.
لوقمان حوسێن، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەموو ھەوڵێکی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ھەر دوێنێ لیژنەی باڵا سەردانی کەرکووکیان کرد و پاڵپشتییان لە کاندیدانی پارتی کرد، بۆیە گەرموگوڕی زۆر ھەیە بۆ پشتگیریکردن لە لیستی پارتی و جەماوەرێکی زۆر ڕوو لەپارتی دەکات لە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشەوە، خەڵک ھەست دەکات جارێکی دیکە شکۆ گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک و کار دەکەین بۆ ئەوەی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکان بەردەوام بێت.
لوقمان حوسێن گوتیشی: خەڵکی خۆمان لە کەرکووک دڵنیا دەکەینەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کاتێک واز لە کەرکووک ناھێنێت و کەرکووک دڵی کوردستانە و بارزانی نەمر شۆڕشێکی کردە قوربانی و کەرکوک و پارتی دووانەیەکن لەیەک جیاناکرێنەوە ، بۆیە ئەو پشتگیرییە گەورەیەی خەڵک بۆ لیستی پارتی نیشانەی ئەوەیە پارتی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دێنێت و ئێمە ھەوڵ دەدەین بۆ پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن، ھەر بۆیە لیستی ئێمە عەرەب و تورکمانیش لەخۆ دەگرێت و ھەوڵ دەدەین ئیدارەیەکی بەھێز دروست بکرێت و بتوانێت لە ھەموو بوارێک خزمەتی شارەکە بکات، خەڵکی کەرکووک زۆر دڵخۆشە بە گەڕانەوەی پارتی و ئێمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن زیاتر قوڵ بکەینەوە لە کەرکووک.
بڵند ئیبراھیم




