٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە گەڕانەوەی پارتی، کەرکووک پڕبووە لە ئاڵای کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک شار پڕبووە لە ئاڵای کوردستان و پارتی وای کردووە هەندێک لایەن تەنگەتاوبن و لە پرۆتۆکۆڵی گۆڕینی ئاڵاش دەربچن، پارتی وای کردووە خەڵک زیاتر بەجۆش و خرۆش بێت بۆ ئەوەی بتوانین مافی خەڵک بگەرێنینەوە و ئەو خاکەی لەدەست چووە لەڕێگەی دەنگی خەڵک بیگەرێنینەوە، ئێمە خۆمان بەشتی لاوەکییەوە خەریک ناکەین.

حەسەن مەجید ، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هەنگاوی یەکەمی هاتنەوەی پارتی بۆ کەرکووک هێنانەوەی ئاڵای کوردستان و وەرگرتنەوەی بارەگاکان  بوو، لە هەنگاوی دووەمدا لە ئاپۆرایەکی جەماوەری پڕ جۆش و خرۆشدا وای کرد کەرکووکی دڵی کوردستان پێمان بڵێت هەرگیز کەرکوک و پارتی و بارزانی لەیەک جیا نابنەوە، هەنگاوی سێیەم تەنگەتاوییەکی زۆر بە هەندێک لایەنەوە دیارە، خۆی بەپێی پرۆتۆکۆڵ شەش مانگ جارێک ئاڵا دەگۆڕدرێت، بەڵام دوێنێ ئەو شارە پڕ بوو لە ئاڵای کوردستان و پارتی دەستی کرد بە گۆڕینی دوو ئاڵای گەورەی سەر قەڵای کەرکووک و ئاڵای دەستی پەیکەری پێشمەرگە.

حەسەن مەجید گوتیشی: بەهۆی گەڕانەوەی پارتی و بەهێزی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەندێک لایەن کەوتوونەتە تۆمەت و چەواشەکاری و باس لەوە دەکەن خەڵک لە پارتی جیا دەبێتەوە، ئەوانەی ساڵانێکی زۆرە هەر پارتی نەبوونە و لایەنی دیکە بوون، بۆیە ئەمە ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لەسەر ئامانجی خۆمان، ئێمە لیستی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنین و شەڕی ئێمە شەڕی لیستەکان نییە و شەڕی ئەو خاکە فرۆشراوەیە بتوانین بە دەنگ بەدەستی بێنینەوە، بۆیە خۆمان بە شتی دیکە سەرقاڵ ناکەین، پرسی ئێمە پرسێکی نەتەوەییە و بەدوای مافی خەڵکی کەرکووکەوەین.

بڵند ئیبراهیم  

هەواڵی پەیوەندیدار