بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ: ڕۆژانە کاندیدانی پارتی لەنێو مووسڵن بۆ بانگەشە
__2023_11_06_h19m8s39__HK.jpg)
بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە شاری مووسڵ پێی وایە، بەھۆی پێگەی جەماوەری پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە پارتی دەنگێکی زۆر بەدەست دێنێ، دەشڵێ: ڕۆژانە کاندیدانی پارتی لەنێو شاری مووسڵن بۆ بانگەشە.
مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پارتی لە سنووری شاری مووسڵ و دەوروبەری حەڤدە کاندیدی ھەیە و ڕۆژانە لە نێو شاری مووسڵ و ئەو سنوورەی سەر بە لقی ١٤ی مووسڵە بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، تا ئێستا ھیچ ئاستەنگێک بۆ کاندیدانی ئێمە دروست نەبووە، وەک ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بەردەوام کاندید و کادیرەکانی ئێمە دەگەڕێن بۆ بەدەستھێنانی متمانەی دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارە.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: وەک حزب تا ئێستا ھیچ کەمپین یان نووسینگەمان لەنێو مووسڵ نەکردووتەوە، بەڵام ژمارەیەک کاندیدی ئێمە لەنێو سەنتەری شار ئوفیسی خۆیان کردووەتەوە بۆ کاروباری ھەڵبژاردن.
مەناف حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی خاوەن جەماوەر و پێگەیەکی تایبەتە لە شاری مووسڵ ھەموو پێکھاتەکانی ئەو شارە لەنێو پارتیدا ھەنە، ئەوەیش پێشبینی دەکەین جارێکی دیکە خەڵکی مووسڵ متمانە بە لیست و کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
قائید میرۆ




