شارەوانی هەولێر: تا ئێستا نزیکەی 140هەزار زەوی کارت کراونەتە تاپۆ

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: لە کۆی 148هەزار زەوی کارت تا ئێستا 138هەزاریان تاپۆکراون، ئەو 10هەزارەی ماوە ئەوانیش تاپۆ دەکرێن، ئێستا خاوەن زەوی کارت دەتوانن سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی زەوییەکانیان تاپۆ بکرێن و دواتریش دەتوانن دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئاگاداریمان بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی زەوییان کارتە تاپۆی بکەن، لە دوێنێشەوە دەستمان پێ کردووە ، بەتایبەت ئەوانەی گوندی کۆری، چوار هەزار و 200 پارچە زەوییە و دەتوانن بەپێی لیستەکانی بڵاوکراوەتەوە سەردانمان بکەن، بۆیە بڵاوکردنەوەی لیستەکان لە سایتی سەرۆکایەتی شارەوانی تاوەکو تەواوی زەوییەکان بەناو دەکرێن بەردەوام دەبێت، لەماوەی ڕابردوو لە کۆی 148هەزار کارت تا ئێستا 138هەزاری کراوەتە تاپۆ و بەناوی خاوەنی زەوییەکانەوە کراون، ئەوانەی ماون ژمارەیان 10هەزار کارتە و هی گوندی کۆری و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەولێرە، ئەوانیش تاپۆ دەکرێن.
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: ئەوانەی سەردانمان دەکەن نوسراویان بۆ دەکەین بۆ تاپۆ بۆ ئەوەی زەوییەکانیان لەکارت بکرێتە تاپۆ و لەگەڵ یەکەم پێدانی وێنەی تۆمار ڕێگەپێدانی دروستکردنی خانوویان پێدەدرێت و دەتوانن خانووی خۆیان دروست بکەن، ئەوەی پێشتر پسوولەیەکی پێدرابوو ونی کردووە با سەردانمان بکەن بێ ئەو پسولەیەش کارەکانیان ڕایی دەکەین.
بڵند ئیبراهیم




