"چەند کارگەیەک بۆ بەرھەمی جووتیارانی دھۆک دەکرێنەوە"

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک پێی وایە کەرتی کشتوکاڵ پێویستی بە بەپیشەسازی کردن ھەیە، دەڵێ: دوو کارگە بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران دەکرێنەوە و پلانمان بۆ کارگەی دیکەش ھەیە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە دھۆک ژمارەیەک کارگە بۆ بەرھەمی ناوخۆی جووتیارانی سنووری دھۆک دەکرێنەوە، ئێستا کارگەیەکی بەرھەمێنانی ئاوی تەماتە کەوتووتە کار و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارگەیەکی دروستکردنی شەربەتی ترێش بکەوێتە کار، کردنەوەی ھەردوو کارگەکە کاریگەری لەسەر بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک دەبێت، چونکە پارێزگای دھۆک بەناوبانگە بە ترێ و تەماتە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک گوتیشی: لە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە زیاتر گرنگی بە کردنەوەی کارگە بدات بۆ بەپیشەسازیکردنی بەرھەمی ناوخۆ چەند ھەنگاوێکیش نراوە، چونکە تەنیا بەرھەمهێنان بەس نییە بۆ گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ بەپیشەسازیکردنی بەرھەمەکانیش گرنگە.
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ساڵی ڕابردوو لەکاتی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ کردنەوەی پیشانگای ترێ و بەرھەمە ناخۆییەکان ژمارەیەک جووتیاری دھۆک داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کێشەی بەبازاڕکردنی بەرھەمەکانیان چارەسەر بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی حکوومەت سەردانی جووتیارەکانی کرد و بڕیاری لەسەر ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیارانی دھۆک دا، ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە کران و ئەمساڵیش دووبارە بەرھەمی دھۆک ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراوە.
قائید میرۆ




