"سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ نیشاندا"

بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە چوارچێوەی ئەو پاکێجەی بۆ سەرۆکی حکوومەت بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ و دروستکردنی قوتابخانەیەک دراوە.
ڕزگار سارکی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی کارکردنمان ژمارەیەک پڕۆژەمان لە ڕێگەی قەزای ئامێدی بۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە، داوامان کردووە ئەو پڕۆژانە بۆ دەڤەری شیلادزێ پەسەند بکرێن کە ژمارەیان بیست پڕۆژەیە، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر دوو پڕۆژە نیشانداوە ئەوانیش دروستکردنی قوتابخانەیەک و پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێنە.
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ گوتیشی: پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ ناوچەکە و ناحیەی شیلادزێ، چونکە دەکەوێتە سەر رووباری شین و جگە لەوەی کاریگەری لەسەر ئابووری ناوچەکە و کەرتی گەشتیاری دەبێت جوانییەکی زیاتریش بە بەسەنتەری ناحیە دەبەخشێت.
ڕزگار سارکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە دڵنیاین سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پڕۆژانەی ماون ڕەزامەندی لەسەر دەدات، چونکە پڕۆژەکان بۆ سێ ساڵی داھاتوون و بەپێی توانا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەکات، دەڤەری شیلادزێش لە ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی تێدا ئەنجامدراوە، وەکو حکوومەت درێغیش ناکەین بۆ گەیاندنی خزمەت گوزاری.
قائید میرۆ




