کارمەند و ئامێر بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دابین دەکرێت

بەردەڕەش_KDP.info_ بەڕێوبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش گوتی: لیژنەیەک دەستبەکاربووە بۆ ئەوەی ئامێر بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دابین بکات، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش بودجەی بۆ دابین کردووە و بڕیارە ئەمساڵ نەخۆشخانەکە بکرێتەوە و خزمەتی هاوڵاتیان بکات، جگە لەوەش 40 کارمەند بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دادەمەزرێندرێن.
بەڕێوبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش، دکتۆر خدر ساڵح خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: من وەکو بەرپرسی لیژنەی دابینکردنی ئامێر بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دیاریکراوم، دوێنێ دەستبەکار بووم، بڕیارە 93 ئامێر لەسەر بودجەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، هەوڵدەدەین ئامێرەکان بەزووترین کات دابین بکەین و ئەمساڵ نەخۆشخانەکە بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
بەڕێوبەری تەندروستی بەردەڕەش گوتیشی: 40 کارمەندیش بۆ نەخۆشخانەکە دابین دەکرێت و هەموو ڕێکارەکان تەواو بووینە، تەنیا ماوە نووسراوی بۆ دەربکرێت، هەرکاتێک نەخۆشخانە کرایەوە دەستبەکار دەبن، هاوکات دکتۆریش بۆ نەخۆشخانەکە دابین دەکەین، بەشێکمان هەن و ئەوانەی دیکەش دابین دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




