٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەسکەندەر محەمەد: جێبەجێکردنی یاسای بودجە کاریگەری لەسەر جوولەی بازرگانی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسێکی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان پێی وایە دەرکردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە کاریگەری لەسەر جوولەی بازرگانی و بازاڕ دەبێت، گوتیشی: ئێستا جوولەی بازرگانی بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: جوولەی بازرگانی بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و شاندی جیھانی بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری بازرگانی بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە بواری بارزگانی دا نییە، بەڵام جوولەی بازرگانی لەنێوخۆی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان وا بەستەیە بە ڕەوشی سیاسی و ئابووری وڵات، خواست و خستنەڕوو لە هەموو وڵاتێک ھەمیشە حوکم بەسەر بازاڕەوە دەکەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەکان گوتیشی: بەدەرکردنی ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر بازاڕ و جوولەی بازرگانی دروست دەبێت، چونکە داواکاری زیاد دەبێت و خەڵک زۆرتر روو لە کڕینی کاڵا دەکەن.

ئەسکەندەر محەمەد ڕوونی کردەوە: ھەر کاتێک یاسای بودجە بە کردار جێبەجێکرا کاریگەری لەسەر گەشەکردنی کەرتی ئابووری و بازرگانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، لەبەر ئەوەی زیاتر کاڵا ھاوردەی بازاڕ دەکرێت و جارێکی دیکە پارە دێتەوە بازاڕ، ئەوەیش  دەبێتە ھۆی دەستپێکێکی نوێ بۆ گەشەکردنی بازاڕ لەھەموو بوارێکدا.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار